شەپۆلی بارانبارین دەرگای زانکۆ و قوتابخانەکانی لە گەرمیان و چوار قەزای سەڵاحەددین داخست

بارانبارین
بارانبارین

کاریگەرییەکانی ئەو شەپۆلە بەهێزەی بارانبارین کە ڕووی لە ناوچەکە کردووە، سنووری ئیدارەی گەرمیانی تێپەڕاند و گەیشتە پارێزگای سەلاحەدین، هاوکات لەگەڵ بڕیارەکانی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان، دەسەڵاتدارانی خۆجێیی لە چوار قەزای سەرەکیی سەڵاحەددین بڕیاریان دا سبەی سێشەممە دەوامی ناوەندەکانی خوێندن ڕابگرن.

سەرۆکایەتیی زانکۆی پۆلیتەکنیکی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاوی کردەوە، بەهۆی مەترسییەکانی کەشوهەوا و لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتی، بڕیاریان داوە سبەی سێشەممە، 9ی 12ی 2025، لە سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگەکانی سەر بە زانکۆکە بکرێتە پشووی فەرمی بۆ مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابییان.

لەلایەکی دیکەوە، بازنەی پشووەکان بەهۆی بارانەوە فراوانتر بووە و پارێزگای سەڵاحەددینیشی گرتووەتەوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، بڕیار دراوە لە چوار قەزای سەرەکیی پارێزگاکە کە بریتین لە (خورماتوو، بەلەد، سامەڕا و دوجەیل)، دەوامی سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن ڕابگیرێت، هەروەها بڕیارەکە ناحیەی ئامرلی و دەوروبەریشی گرتووەتەوە.

بەرپرسانی ئەو یەکە ئیدارییانە جەختیان کردووەتەوە، پشووەکە تەنیا ناوەندەکانی خوێندن دەگرێتەوە، بە ئامانجی پاراستنی قوتابییان لە هەر ئەگەرێکی دروستبوونی لافاو یان سەختیی هاتووچۆ لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا.

ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری پارێزگای سەڵاحەددین، بەتایبەت قەزای خورماتوو، خاوەنی تۆپۆگرافیایەکی تایبەتن. خورماتوو دەکەوێتە بناری زنجیرە چیای حەمرین و لە کاتی بارانبارینی بەهێزدا، ئەو ئاوەی لە چیاکانەوە دێتە خوارەوە (سێڵاو) مەترسیی لافاوی کتوپڕ دروست دەکات، وەک ئەوەی لە ساڵانی ڕابردوودا زیانی بە گەڕەکەکانی ئەو قەزایە گەیاندووە.

هەروەها قەزاکانی سامەڕا، بەلەد و دوجەیل کە دەکەونە دۆڵی ڕووباری دیجلەوە، لە وەرزی زستاندا ڕووبەڕووی کێشەی کۆبوونەوەی ئاو و قوڕاو دەبنەوە، کە زۆرجار ڕێگری لە گەیشتنی قوتابییان دەکات بۆ قوتابخانەکانیان، هەر بۆیە ئیدارەی پارێزگاکە وەک ڕێکارێکی پێشوەختە پەنا بۆ ڕاگەیاندنی پشوو دەبات.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل