زێلێنسکی: سازش لەسەر بستێک خاک ناکەین

سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایدەگەیەنێت، تا ئێوارەی سێشەممە ڕەشنووسی پلانی ئاشتی ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ڕادەستی ئەمەریکای بکەن، هاوکات ئاماژە بەوە دەکات کە دیدگای سەرۆکی ئەو وڵاتە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەگەڵ هی ئەوان جیاوازە، هاوکات بیرۆکەی 'خاک بەرانبەر ئاسایشیش بە هەموو شێوەیەک ڕەت دەکاتەوە.

دووشەممە 8ی کانوونی یەکەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ڕاوێژکارانی ئاسایشی ئۆکرانیا و وڵاتانی ئەورووپا سەرقاڵی داڕشتنەوەی کۆتایین بۆ ئەو ڕەشنووسەی پلانی ئاشتی کە لە مەیامییەوە هێنراوە، بڕیارە تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە تەواو بکرێت و ڕادەستی ئەمەریکا بکرێت.

زێلێنسکی ئاشکرای کرد، پلانی ئاشتیی ئەمەریکا دەستکاری کراوە و لە 28 خاڵەوە بۆ 20 خاڵ کەم کراوەتەوە. گوتیشی: ئەمەریکییەکان دەیانەوێت سازش و خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی خاک، هیچ سازشێک لە ئارادا نییە.

سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە دا، ترەمپ دیدگای تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی چۆن کۆتایی بە جەنگەکە بێت، کە ئەمەش جیاوازە لە دیدگای ئۆکرانیا.

زێلێنسکی جەختی کردەوە بیرۆکەی گۆڕینەوەی خاک بەرانبەر بە گرەنتیی ئەمنی بە هیچ شێوەیەک تاوتوێ ناکرێت و دەشڵێت: ئۆکرانیا بەپێی دەستوور، یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ئەخلاقی، مافی ئەوەی نییە دەستبەرداری خاکەکانی بێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئۆکرانیا باسی لە بەردەوامیی پاڵپشتییە سەربازییەکانی واشنتن کرد و گوتی: ئەمەریکییەکان بەردەوام دەبن لە پێدانی چەک بە ئۆکرانیا، چونکە ئەوان پارە لەم کارە پەیدا دەکەن و ئەمەش لەگەڵ سیاسەتی ئێستایاندا دەگونجێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، بەمەبەستی تاوتوێکردنی پلانی ئاشتی لەگەڵ کییەر ستارمەر، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، چووەتە لەندەن، ئەمەش دوای ئەو ڕەخنانەی لەلایەن ترەمپەوە لێیگیران کە گوایا پلانەکەی ئاشتی نەخوێندۆتەوە. دانوستانەکان کە سەرکردەکانی فەرەنسا و ئەڵمانیاش لەخۆدەگرن، ئامانجیان کۆتایی هێنانە بە شەڕی چوار ساڵە لەگەڵ ڕووسیا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل