لە ئۆپەراسیۆنێکدا 3 داعش دەستگیرکرا
درەنگانی شەوی ڕابردوو، هێزە ئەمنییەکانی کوردستان لە ئۆپەراسیۆنێکی خێرادا، سێ ئەندامی چالاکی ڕێکخراوی داعشیان دەستگیر کرد. یەکێک لە دەستگیرکراوەکان پۆستی باڵای "ئەمیری لۆجستی"ی لەناو ڕێکخراوەکەدا هەبووە.
سەرچاوەیەکی ئەمنیی ڕاگەیاند: "پاش بەدەستهێنانی زانیاری هەواڵگریی ورد و پشتڕاستکراو سەبارەت بە بوونی شانەیەکی نووستووی داعش لەناو ماڵێکدا لە پارێزگای هەڵەبجە، ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، هێزێکی ئۆپەراسیۆنی تایبەت دەستیان بە جووڵە کرد."
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوە کرد، کاتێک هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە شوێنی مەبەست و گەمارۆی ماڵەکەیان دا، چەکدارەکان هەوڵیاندا بەرەنگاری هێزەکە ببنەوە. بەڵام کارمەندانی ئۆپەراسیۆنەکان توانیان بە خێراییەکی زۆر دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکەن و هەر سێ چەکدارەکە لە ماوەیەکی کەمدا دەستگیر بکەن.
لە میانی پێکدادانەکەدا، ئەفسەرێکی بەڕێوەبەرایەتی ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بریندار بوو، بەڵام دۆخی تەندروستیی جێگیرە و لە مەترسیدا نییە.
ڕاشیگەیاند؛ ئێستا دەستگیرکراوەکان ڕادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراون بۆ لێکۆڵینەوەکان.
