عێراق داوا لە کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی دەکات کێڵگەی نەوتی قورنە-2ـی ڕۆژئاوا وەربگرێت

وەزیری نەوتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی گفتوگۆی کردووە بۆ ئەوەی لە جێگای کۆمپانیا ڕووسیەکە کێڵگەی ڕۆژئاوای قورنە 2 وەرگرێت.

وەزارەتی نەوتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، "حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت، پێشوازی لە شاندێکی کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی کرد و باس لە بابەتەکانی پەیوەست بە پەرەپێدانی کەرتی غاز و نەوت کرا."

لە کۆبوونەوەکەدا داوا لە کۆمپانیای شیڤرۆنی ئەمەریکی کرا لە جێگەی کۆمپانیای لوک ئۆیلی ڕووسی کێڵگەی قورنە 2ـی ڕۆژئاوا بگرێتە دەست.

ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق بانگهێشتی چەند کۆمپانیایەکی نەوتی ئەمەریکی کرد بۆ ئەوەی بچنە دانوستان و کێبڕکێ سەبارەت بە بەدەستهێنان و پەرەپێدانی کێڵگەی قورنە-2ـی ڕۆژئاوا لە بەسرە.

کۆمپانیای لوك ئۆیلی رووسی خاوەنی %75ـی پشکەکانی بەگەڕخستنی کێڵگەکەیە، بەڵام لە 19ـی تشرینی دووەم رایگەیاند، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکاوە ناتوانێت چیتر لە کارەکانی بەردەوام بێت.

کێڵگەی نەوتی ڕۆژئاوای قورنە-2ـی بەسرە یەکێکە لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی باشووری عێراقە. لە ساڵی 1973 دۆزرایەوە، ئەم کێڵگەیە بەردێکی بناغەی ئابووری عێراقە، بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە لە زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوتدا. 

کێڵگەی نەوتی قورنە 2ـی ڕۆژئاوا، بە یەکێک لە گەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی جیهان دادەنرێت ڕۆژانە نزیکەی 460 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت.

پێشتر، ڕوانگەی ئیکۆ عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردبوو، بەهۆی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر کۆمپانیای 'لوک ئۆیل'ـی ڕووسی، شەش هەفتە مووچەی هەزار و 300 فەرمانبەری عێراقی دواکەوت.

ڕوانگە ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو فەرمانبەرە عێراقیانەی لە کێڵگەی قورنە 2ـی ڕۆژئاوا لە بەسرە کاریان دەکرد، بەهۆی ئەو سزاداراییانەیە کە ئەمەریکا بەسەر کۆمپانیا ڕووسییەکەدا سەپاندوویەتی مووچەیان وەرنەگرتبوو."

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل