شارەوانی دیاربەکر ناوی سەوزە و میوەکان بە زمانی کوردی دەنووسێت
بەبۆنەی رۆژی جیهانیی زمانی دایک (21ی شوبات)، شارەوانیی گەورەی دیاربەکر هەڵمەتێکی نوێی بۆ بەکارهێنان و برەودان بە زمانی کوردی لە ژیانی رۆژانەدا دەستپێکرد. لە یەکەمین هەنگاوی ئەم هەڵمەتەدا، لێبێڵی ناوی سەوزە و میوەکان بە زمانی کوردی بەسەر فرۆشیارانی بازاڕدا دابەشکرا.
سەرا بوجاک، هاوسەرۆکی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر، سەردانی یەکێک لە بازاڕە میللییەکانی سەوزە و میوەی لە شارەکە کرد و لە نزیکەوە لەگەڵ کاسبکاران و هاووڵاتییان گفتوگۆی کرد. لەم سەردانەدا، تیمەکانی شارەوانی لێبێڵی تایبەتیان بەسەر فرۆشیاراندا دابەشکرد؛ ناوی سەوزە و میوەکانی بە زمانی کوردی لەسەر نووسرابوو بۆ ئەوەی لەسەر بەرهەمەکانیانی دابنێن.
نوێنەرانی شارەوانیی دیاربەکر ئاماژە بەوە دەکەن ئامانجیانە سیمای شارەکە و کۆڵانەکان زیاتر رەنگ و رووی کوردییان پێوە دیار بێت و رێگری لە توانەوەی زمانەکە بکرێت. لەم بارەیەوە بەرپرسێکی شارەوانی رایگەیاند: "دەمانەوێت ناوی بازاڕ و دوکانەکان، هەروەها تابلۆی کۆڵانەکان بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی بنووسرێن. پلانمان هەیە ناوی شاعیرە کوردەکان لە کۆڵان و شەقامەکان بنێین بۆ ئەوەی شارەکە بە رەسەنایەتی خۆی بڕازێنینەوە. دیاربەکر شارێکی کوردییە و پێویستە رەنگ و رووی کوردی لە هەموو شوێنێکدا تیایدا رەنگ بداتەوە."
ئەم هەنگاوەی شارەوانی لەلایەن فرۆشیاران و کاسبکارانی بازاڕەکەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا و وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ پاراستنی زمانەکەیان وەسفیان کرد.
فرۆشیارێک لەو بارەیەوە گوتی: "ئەمە کارێکی زۆر باشە و خەڵک پێی دڵخۆش دەبێت. ئێمەش دەمانەوێت زمانی خۆمان ئازاد بێت و گرنگی پێ بدرێت."
فرۆشیارێکی دیکەش باسی لەوە کرد ئەم کارە خزمەتێکی گەورەیە بە زمانی دایک و گوتی: "پێویستە نەتەوەکەمان زمانی دایکی خۆی بخوێنێت و لەبیری نەکات، با دەستبەرداری بنەچەی خۆمان نەبین. بەهۆی کاریگەریی زمانی تورکییەوە بەشێک لە وشە کوردییەکانمان لەبیر کردووە، بەڵام ئەم جۆرە هەنگاوانە وامان لێدەکات ئەو وشانەمان بیر بکەوێتەوە و زمانەکەمان زیندوو رابگرین."
ئەم هەڵمەتە لە کاتێکدایە لە دوای هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی 31ی ئاداری 2024، شارەوانییەکانی باکووری کوردستان بە سەرۆکایەتی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) هەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنی زمانی کوردی چڕتر کردووەتەوە.
پێشتریش شارەوانیی دیاربەکر هێماکانی هاتوچۆی لەسەر شەقامەکان بە زمانی کوردی نووسی، بەڵام چەندین جار لەلایەن پارێزگاری شارەکە و دەسەڵاتدارانی حکوومەتەوە سڕانەوە و رێگرییان لێ کرا. سەرەڕای فشارەکان، شارەوانییەکان سوورن لەسەر گەڕاندنەوەی رووخساری کوردی بۆ ناو بازاڕ و شەقامەکانی باکووری کوردستان.