بەهۆی لێڵبوونی ئاوەوە پڕۆژەکانی سەر زێی گەورە ڕاگیران

ئەمڕۆ سێشەممە (9ـی کانوونی یەکەمی 2025)، ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی لێڵیی ئاوەوە، بەرهەمهێنان لە زۆربەی ئەو پڕۆژانەی دەکەونە سەر زێی گەورە ڕاگیراوە.

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ ڕوونی کردەوە، ئاستی لێڵیی ئاوەکە گەیشتووەتە 3500 بۆ 4 هەزار پلە، لەکاتێکدا توانای پاڵاوتنی پڕۆژەکان لە نێوان 2 هەزار بۆ 2500 پلەدایە، بۆیە ناتوانرێت لەو دۆخەدا ئاو پاک بکرێتەوە.

سەبارەت بە ماوەی وەستانی پڕۆژەکان ئاماژەی بەوە دا، ڕاگرتنەکە لە 24 بۆ 48 کاتژمێر دەخایەنێت و دەستپێکردنەوەی کارەکان بەندە بە دابەزینی ئاستی لێڵیی ڕووبارەکەوە.

ئاری ئەحمەد دڵنیاییشی دا، ئەمە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر ماڵان نابێت، چونکە لە وەرزی زستاندایین و خواست لەسەر ئاو کەمترە، هاوکات هاووڵاتییان دەتوانن بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانیان سوود لەو ئاوە وەربگرن کە لە تانکییەکانیاندا عەمباریان کردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل