بەهۆی مەترسیی لافاو ئیدارەی گەرمیان هاتوچۆی نێوان شارەکانی ڕاگرت

بەهۆی کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە و پێشبینیی توندتربوونی دەکرێت، ئیدارەی گەرمیان بڕیاری دا لەپێناو پاراستنی سەلامەتیی گشتی، هاتوچۆی نێوان شارەکان بە تەواوی ڕابگرێت و داوا لە دانیشتووانی ناوچەکە دەکات لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

بەگوێرەی بڕیارەکەی ئیدارەی گەرمیان کە ئەمڕۆ 9/12/2025 دەرچووە، دۆخی کەشوهەوا بەرەو سەختی دەچێت و ئاستی بارانبارینەکە ڕوو لە زیادبوونە، هەر بۆیە وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی، بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆ دراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە هاووڵاتییان تەنها بۆ حاڵەتی زۆر پێویست و بەپەلە نەبێت، نابێت بچنە دەرەوەی ماڵەکانیان تاوەکو مەترسییەکە دەڕەوێتەوە.
ئەم بڕیارەی ئیدارەی گەرمیان هاوکاتە لەگەڵ هاتنی شەپۆلێکی بەرفراوانی بارانبارین بۆ سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی ناوچەی گەرمیان و بوونی چەندین چەم و دۆڵ و نزمایی، لە کاتی بارانبارینی بەخوڕدا ئەگەری دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەو سنوورەدا زیاترە، ئەمەش وای کردووە تیمە فریاگوزارییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل