بازگەی تاسڵوجە کرایەوە و هۆشداری دەدرێتە شۆفێران
دوای ئەوەی بۆ ماوەیەک بەهۆی لێزمەباران و مەترسیی دروستبوونی لافاوەوە بەڕووی شۆفێراندا داخرابوو، بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی سلێمانی بڕیاری کردنەوەی بازگەی تاسڵوجەی دا، هاوکات جەخت لەوە دەکاتەوە مەترسییەکان هێشتا کۆتاییان نەهاتووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی هاتوچۆی سلێمانی کە ئەمڕۆ 9/12/2025 بڵاوکراوەتەوە، سەرەڕای کردنەوەی ڕێگاکە، بەڵام پێویستە شۆفێران تەنها لە حاڵەتی زۆر پێویست و گرنگدا نەبێت ڕوو لە ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شار نەکەن.
ئەم هۆشدارییەش لەسەر بنەمای پێشبینییەکانی دەستە و دامەزراوەکانی کەشوهەوا دراوە، کە ئاماژە بەوە دەکەن کاریگەریی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەهێزەی ڕووی لە ناوچەکە کردووە هێشتا ماوە و پێویستە شۆفێران وریا بن.
کردنەوەی بازگەی تاسڵوجە لە کاتێکدایە کە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەندین شوێن ئاستەنگی هاتوچۆی دروست کردووە، بازگەی تاسڵوجە وەک دەروازەی سەرەکیی شاری سلێمانی بەهۆی جوگرافیاکەیەوە لە کاتی بارانی بەخوڕدا مەترسیی کۆبوونەوەی ئاو و لافاوی لێ دەکرێت، بۆیە تیمەکانی هاتوچۆ وەک ڕێکارێکی پێشوەختە ناچار بوون بۆ ماوەیەک ڕێگاکە دابخەن تاوەکو لە سەلامەتیی گیانی شۆفێران دڵنیا دەبنەوە، هاتوچۆی سلێمانی بەڵێنی داوە لە هەر پێشهاتێکی نوێدا زانیاریی ورد لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانی خۆیەوە بڵاوبکاتەوە.
