ترەمپ: سەرکردەکانی ئۆکرانیا جەنگ وەک بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بەکار دەهێنن

لە نوێترین هەڵوێستیدا سەبارەت بە داهاتووی جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا، سەرۆکی ئەمەریکا ڕاشکاوانە داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئۆکرانیا دەکات و سەرکردەکانی ئەو وڵاتە تۆمەتبار دەکات بەوەی "جەنگ وەک بیانوویەک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن بەکار دەهێنن"، هاوکات ئاماژە بەوە دەدات ڕق و کینەی نێوان هەر دوو سەرۆکەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا بووەتە گەورەترین بەربەست لەبەردەم ئاشتی

سێشەممە 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئێستا کاتێکی گرنگە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی ئۆکرانیا، دەشڵێت: سەرکردەکانی ئەو وڵاتە جەنگ بەکار دەهێنن بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکەن، بەڵام پێم وایە ئۆکرانییەکان دەیانەوێت هەڵبژاردن بکرێت.

سەرۆکی ئەمەریکا هەر لە بارە هەڵبژاردنەکان گوتی: ڕەنگی ڤۆلۆدێمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا بتوانێت دووبارە ببێتەوە سەرۆک.

هاوکات ترەمپ باسی لەوەش کرد، یەکێک لە هۆکارەکان کە ئاستەنگی لە بەردەم کۆتاییهێنان بەو جەنگە، ئەو ڕقە زۆرەی لە نێوان هەر دوو سەرۆکی ئۆکرانیا و ڕووسیا هەیە، ئەمەش وای کردووە ڕێککەوتن لە نێوانیان زۆر ئەستەم بێت.

لەبارەی ئەوەی ئایە ئۆکرانیا لە جەنگەکە دۆڕاوە گوتی: ئەوان خاکێکی فراوان و ژمارەیەکی زۆر کەنارە دەریایان لەدەستداوە، دووپاتیشی دەکاتەوە، ئەگەر سەیری نەخشەکە بکەیت دەبینیت ئەوان خاکێکی زۆریان لەدەستداوە.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەشی دا، سەرەڕای ئەوە ڕێزم بۆ بەرخودانی و خۆڕاگری خەڵکی ئۆکرانیا هەیە، بەڵام ڕووسیا وڵاتێکی زۆر گەورە و بەهێزە، بۆیە زۆر جار قەبارەی وڵات هۆکارە بۆ براوە بوون لە جەنگ.

دوێنێ دووشەممە سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاندبوو، بڕیارە تا ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە ڕەشنووسەی پلانی ئاشتی تەواو بکرێت و ڕادەستی ئەمەریکا بکرێت.

زێلێنسکی ئاشکرای کردبوو، پلانی ئاشتیی ئەمەریکا دەستکاری کراوە و لە 28 خاڵەوە بۆ 20 خاڵ کەم کراوەتەوە. گوتیشی: ئەمەریکییەکان دەیانەوێت سازش و خاڵی هاوبەش بدۆزنەوە، بەڵام کاتێک دێتە سەر باسی خاک، هیچ سازشێک لە ئارادا نییە، هەروەها سەبارەت بە هەڵوێستی دۆناڵد ترەمپ، ئاماژەی بەوە دابوو، ئەو دیدگای تایبەتی خۆی هەیە بۆ ئەوەی چۆن کۆتایی بە جەنگەکە بێت، کە ئەمەش جیاوازە لە دیدگای ئۆکرانیا.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل