عێراق بە فەرمی ناوی حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی لە لیستی تیرۆر دەرهێنا

لیژنەی بلۆککردنی سامان و دارایی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق، بڕیارێکی نوێی دەرکرد کە تیایدا هەستاوە بە ڕاستکردنەوەی بڕیارێکی پێشووی خۆی و دەرهێنانی دوو ناو لە لیستی بلۆککردنی سامانی ئەو کەس و گرووپانەی گومانی پەیوەندییان بە تیرۆرەوە لێ دەکرێت.

بە گوێرەی بڕیاری ژمارە (64)ـی ساڵی 2025، کە لە لایەن لیژنەی بلۆککردنی سامان و دارایی گرووپە تیرۆریستییەکان لە عێراق واژۆ کراوە و لە کۆبوونەوەی نائاسایی ڕۆژی 7ـی 12ـی 2025 دەرچووە، بڕیاردراوە بە لابردنی هەر دوو زنجیرەی (18 و 19) لەو لیستەی کە پێشتر لە بڕیاری ژمارە (61)ـی ئەمساڵدا بڵاو کرابووەوە.

لە ناوەڕۆکی بڕیارەکەدا هاتووە، پاش وردبینی و بە پێی نووسراوی نووسینگەی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و تەمویلکردنی (ژمارە 7/1/ب د/س/933) لە ڕێکەوتی 19ـی 3ـی 2025، دەرکەوتووە کە ئەو دوو ناوەی لە زنجیرەکانی (18 و 19)دا هاتوون، کە گرووپی حزبوڵڵای لوبنانی و حووسییەکان یەمەن دەگرێتەوە، قابیلی سڕکردن نین و بڕیارەکە نایانگرێتەوە.

لیژنەکە ڕوونیکردووەتەوە، کە بڕیاری سڕکردن تەنیا ئەو ناو و قەوارانە دەگرێتەوە کە پەیوەندییان بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی "داعش" و "قاعیدە"وە هەیە، و ئەم دوو ناوەی سەرەوە ئەو مەرجەیان بەسەردا جێبەجێ نابێت، بۆیە بڕیاری سڕینەوەیان لە لیستی سڕکردنی سامان و دارایی تیرۆریستان (ژمارە 61ـی ساڵی 2025) دراوە.

ئەم بڕیارەش بە ژمارە 4852، لە ڕێکەوتی 7ـی 12ـی 2025، بە فەرمی لە ڕۆژنامەی واقائیعی عێراقی بڵاو کراوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، بە ژمارە 4848 کە لە 17ـی مانگی ڕابردوو دەرچووبوو، بەڵگەنامەیەکی فەرمیی بڵاو کردبووەوە، کە تێیدا حکوومەتی فیدراڵ، گرووپی حزبوڵڵای لوبنان و حووسییەکانی یەمەنی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە.

بەڵام هەر زوو لیژنەی بلۆککردنی سەروەت و سامانی تیرۆریستان لە بانکی ناوەندیی عێراق، لە ڕوونکردنەوەیکدا، ناساندنی حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن وەک تیرۆرست و بلۆککردنی سەروەت و سامانیانی ڕەت کردەوە.

لیژنەکە باسی لەوە کرد، ئەوەی بڵاوکراوەتەوە لەسەر بلۆککردنی سەروەت و سامانی لیستی قەوارە و کەسایەتییەکانی پەیوەندیدار بە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و قاعیدە بووە.

 

"بڕیارەکەی عێراق لە بارەی حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکان هەنگاوێکی هەستیار و مەترسیدارە"

چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، لابردنی ناوی حزبوڵڵای لوبنانی و حوسییەکانی یەمەن لە لیستی سڕکردنی سامان و دەرکردنیان لە خانەی "تیرۆر" لەلایەن عێراقەوە، هەنگاوێکی زۆر هەستیار و مەترسیدارە کە دەکرێت دەرەنجامی قورسی سیاسی و ئابووریی لێ بکەوێتەوە، بە تایبەتی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاوە.

ئەمەریکا هەردوو گرووپی (حزبوڵڵا و حوسییەکان) بە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەناسێنێت و سزای توندی خستووەتە سەریان. ئەگەر عێراق بە فەرمی مامەڵەی داراییان لەگەڵدا ئاسایی بکاتەوە.

هاوکات چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، عێراق بەم بڕیارە خۆی دەخاتە ناو "ناوچەی ئاگر"ـی داراییەوە. دەشڵێن: پاساوی عێراق ئەوەیە کە "ئێمە تەنیا پابەندین بە لیستی نەتەوە یەکگرتووەکان کە داعش و قاعیدە دەگرێتەوە"، بەڵام سیستەمی دارایی جیهانی لەژێر کۆنتڕۆڵی دۆلاردایە و ئەمەریکا ئەم پاساوە قبووڵ ناکات کاتێک بابەتەکە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی و هاوپەیمانەکانیەوە هەبێت.

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل