سروە ڕەسووڵ وردەکاریی زیانەکان و پلانی فریاگوزاری و بەهاناوەچوون ئاشکرا دەکات
بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کاریگەریی شەپۆلی بارانبارین و لافاو لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی گەرمیان زۆر سەخت بووە و بەهۆیەوە جگە لە زیانی ماددیی زۆر، سێ هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و کەسێکیش بێسەرشوێنە.
سروە ڕەسووڵ، بەڕێوەبەری گشتیی ناوەندی هەماهەنگیی قەیرانەکان ئاشکرای کرد کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و کاریگەریی شەپۆلەکە زیاتر لەسەر سلێمانی، بازیان و چەمچەماڵ بووە، لەکاتێکدا لە پارێزگاکانی دیکە کاریگەرییەکە کەمتر بووە. سەبارەت بە زیانە گیانییەکان ئاماژەی بەوە کرد کە 2 کەس بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە و چارەنووسی کەسێکی دیکەش نادیارە، ئەمە جگە لە دۆزینەوەی تەرمی کچە قوتابییەکی تەمەن 9 ساڵان لەنێو قوڕ و لیتەی گوندێکی ناحیەی لەیلان.
بەپێی زانیارییەکانی ناوەندی قەیرانەکان، زیانە ماددییەکان زۆرن و چەندین کۆگا، دووکان، ماڵ و دەیان ئۆتۆمبێل بەر لافاو کەوتوون.
بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دۆخەکەش، هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان کراوە و ئامێرەکانی حکوومەت خەریکی کردنەوەی ڕێگاکان و لابردنی پاشماوەی لافاوەکەن.
هەروەها بەهۆی گەورەیی زیانەکانەوە، جگە لە دامەزراوەکانی حکوومەت وەک وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و دەستەی وەبەرهێنان، داوای هاوکاری لە کەرتی تایبەت، ڕێکخراوەکان، دەزگای خێرخوازیی بارزانی و مانگی سوور کراوە و هەمووان لە ئامادەباشیدان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان.
لێدوانەکەی بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هەماهەنگی قەیرانەکان لە کاتێکدایە، لە نیوەڕۆی سێشەممە 9/12/2025ـەوە شەپۆلێکی بەهێزی بارانبارین ڕووی لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان کردووە.
چڕیی بارانەکە لە سنووری چەمچەماڵ، بازیان و گەرمیان بووە هۆی دروستبوونی لافاوی بەهێز و داخستنی بەشێک لە ڕێگا سەرەکییەکان، تیمە فریاگوزارییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ ڕزگارکردنی ئەو هاووڵاتییانەی لەنێو لافاوەکەدا گیریان خواردووە و کردنەوەی ڕێگا داخراوەکان.
