مۆرینیۆ لەبارەی راهێنەرایەتی ریال مەدرید بڕیاری كۆتایی دا

"لەسەر مێزی گفتوگۆی كارگێری ریال مەدرید ناوی خۆزێ مۆرینیۆ هاتووە"

خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیكا
خۆزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی بێنفیكا

خۆزێ مۆرینیۆی ڕاهێنەری پورتوگالی یانەی بینفیكا لەبارەی گەڕانەوەی بۆ یانەی ڕیال مەدرید خۆی یەكلایی كردەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە ریال مەدرید دوایین دەرفەتی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مان سیتی داوەتە ئالۆنسۆ، ئەگەر لەو یارییە بدۆرێت رەنگە دووربخرێتەوە.
دوای ئەوەی لە گەڕی 15ـەمی لالیگا، یانەی ڕیال مەدرید لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر سێلتاڤیگۆ تووشی شکستێکی سەرسوڕهێنەر بوو، ئەمەش تەواوی سەرۆك و دەستەی كارگێری ریال مەدریدی توڕە كرد.
یانە مەدریدەکە لەگەڵ ئالۆنسۆ لە قەیرانێكی قووڵ دایە و لە دوایین پێنج یارییدا تەنیا یەک بردنەوە و سێ یەکسانبوون و دۆڕانێكی هەیە و بە كۆكردنەوەی 36 خاڵ لە پلەی دووەمدایە و بە چوار خاڵ لە بارسێلۆنای پێشەنگ دووركەوتووەتەوە.
ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانیا بڵاوی كردووەتەوە، فلۆرێنتینۆ پێرێزی سەرۆکی ڕیال مەدرید دوای شکستەکەی بەرامبەر سێلتاڤیگۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجامداوە و لە ئێستاوە دەستیکردووە بە بیرکردنەوە لە بژاردەكان بۆ شوێنگرەوەی ئالۆنسۆ.
بەگوێرەی رادیۆی ماركا، خۆزێ مۆرینیۆ لەسەر مێزی گفتووگۆی كارگێری ریال مەدرید ناوی هاتووە،
بەڵام لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا پێش یارییەكەی سبەیان لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر ناپۆلی، خۆزێ مۆرینیۆ وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنامەنوسێکی دایەوە سەبارەت بە خواستی هاندەرانی ڕیال مەدرید بۆ گەڕانەوەی بۆ ڕاهێنەری تیپەکە.
مۆرینیۆ گوتی: ئەم بابەتە داخراوە، هیچ شتێك لەمبارەیەوە بوونی نییە و تەنیا رۆژنامەنووسەكان ئەم بابەتەیان بڵاوكردووەتەوە، من پابەندم بە راهێنەرایەتی بێنفیكا. 
خۆزێ مۆرینیۆ لە نێوان ساڵانی 2010 بۆ 2013 ڕاهێنەری ریال مەدرید بووە، نەیتوانی هیچ نازناوێكی ئەورووپی بۆ شایانەكان بباتەوە، بەڵام لالیگا، جامی شا و سووپەری ئیسپانیای لەگەڵ ریال مەدرید بەدەستهێنا.

 

 
 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل