مەسرور بارزانی سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییانی چەمچەماڵ دەکات
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆی، ئاراستەی کەسوکاری قوربانییانی چەمچەماڵ دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازێت.
سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی هاوخەمی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بە داخەوە بە هۆی لافاوەوە، دوو هاووڵاتی لە شارەدێی شۆڕش سەر بە قەزای چەمچەماڵ گیانیان لە دەستداوە و زیانی ماددیش بەر ماڵی هاووڵاتییان و قوتابخانە و فەرمانگەکانی حکوومەت کەوتووە.
سەرۆکی حکوومەت دەڵێت: پرسە و سەرەخۆشیی قووڵی خۆم ئاراستەی کەسوکاری قوربانییان دەکەم و هاوبەشی خەمیانم هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازم.
هاوکات جەختی لەوە کردەوە، وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ئیدارەی خۆجێیی ڕاسپاردووە کە بە هانای لێقەوماوانەوە بچن و هەر هاوکاری و یارمەتییەک پێویست بێت، پێشکەشیان بکەن.
ئەمڕۆ شەریف ڕەحیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی چەمچەماڵ، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە شارەدێی شۆڕشی سەر بە چەمچەماڵ دوو کەس بەهۆی لافاوە گیانیان لە دەستدا.
شەریف ڕەحیم گوتی: پیاوێکی بەتەن لە دایکبووی 1953 بەهۆی بارانی بە خووڕ و داڕمانی دیوار بەسەریدا گیانی لە دەستداوە، هەروەها ئافرەتێکی لە دایکبووی 2003 بەهەمان شێوە بەهۆی لافاوە گیانی لە دەستداوە.
دوێنێ دووشەممە، 8ـی کانوونی یەکەمی 2025، شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەکەوە لافاو دروست بوو و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتەوە.
ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێننەوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.
ئەم شەپۆلە بارانبارینە پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکەی هێشتا بەردەوام بێت، وای کردووە دەزگا پەیوەندیدارەکان هۆشداری بدەنە شۆفێران و هاووڵاتییان کە لە کاتی پێویست نەبێت لە ماڵەکانیان دەرنەچن و لە ڕێڕەوی لافاو دوور کەونەوە.
