ترەمپ: دەبێت ئۆکرانیا دەستپێشخەرییەکەی ئێمە قبووڵ بکات، ئەگەر نا دەدۆڕێت

سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دەبێت ئەو ڕاستیە قبوڵبکەن کە ڕووسیا لەشەڕی ئۆکرانیا بەهێزترە و دەستی باڵای هەیە، زۆرینەی جارەکانیش هێز، شەڕ یەکلایی دەکاتەوە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، لە دیدارێکی تەلەفزیۆنیدا گوتی: "ئۆکرانیا دەبێت دەستپێشخەرییەکەی ئێمە بۆ ئاشتی پەسەند بکات، چونکە خەریکە دەدۆڕێت و ئەورووپییەکانیش فریای ناکەون، لەبەر ئەوەی ئەورووپییەکان هەر قسەدەکەن و هیچ بەرهەمێکیان نییە."

ترەمپ ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەی ڕووسیا و ئۆکرانیا لەوەدایە، ڕووسیا وڵاتێکی زۆر گەورەتر و بەهێزترە لەشەڕەکەدا، ئەمە گومانی تێدانییە، ئەوان بەهێزترن. 

جەختیکردەوە، لەگەڵ ئەوەی ئێمە هاوکاری زۆری خەڵک و سوپای ئۆکرانیامان کردووە، بەڵام هەمووان دەزانن بەشێوەیەکی گشتی هێز و قەبارە شەڕەکان یەکلایی دەکاتەوە، خەڵکی ئۆکرانیا دڵخۆشبوون بە  ڕەشنووسەکەی من بۆ ئاشتی، بەڵام بەرپرسان نەیانخوێندەوە، هەندێک جار دەبێت شتەکان قبوڵ بکەیت چونکە خەریکە دەدۆڕێت.

دۆناڵد ترەمپ، گوتویەتی: "ئەورووپییەکان ئیشی باش ناکەن، بەس قسە دەکەن و کرداریان نییە، سەیرکەن لەبارەی ئۆکرانیاوە هەر قسەدەکەن  و شەڕەکەش بەردەوامە.

لە بەرانبەردا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ئامادەن لەماوەی دوو مانگدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رێکبخەن.

لە تۆمارێکی دەنگیدا، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت،"سەرباری بەردەوامی شەڕ لەگەڵ ڕووسیا بەڵام ئامادەن لەماوەی 60 بۆ 90 ڕۆژدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا رێکخەن، بەو مەرجەی ئەمەریکا و ئەورووپا دەستەبەری ئەوە بکەن دەنگدان لە ژێر ڕێکاری ئەمنی گونجاودا بەڕێوەدەچێت.

زێلێنسکی دەشڵێت؛ ئامادەیە بۆ ڕێکخستنی هەڵبژاردن، لەگەڵ ئەوەشدا هەڵبژاردنی داهاتوو پێویستی بە یاسای نوێ هەیە و داوایان لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی ئۆکرانیا کردووە یاساکان بگۆڕن.

دانوستانەکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ئۆکرانیا کە زێلێنسکی بە تەلەفۆن بەشداریی تێدا کرد، ڕۆژی شەممە، 6ـی کانوونی یەکەم، بەبێ هیچ پێشکەوتنێکی دیار کۆتایی هات، سەرەڕای بەڵێنی سەرۆکی ئۆکرانیا بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆی زیاتر بۆ گەیشتن بە "ئاشتی ڕاستەقینە".

ئەو دانووستانە دوای ئەوە هات کە ستیڤ ویتکۆف و جێرد کوشنەر، نوێنەری ئەمەریکا لە کرێملین لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا، کۆبونەوە و مۆسکۆ بەشێک لە پێشنیازی ئەمەریکای ڕەتکردەوە.

پلانی ئەمەریکا لە مانگی ڕابردووەوە کە بۆ یەکەمجار هاتە ئاراوە، چەند گۆڕانکارییەکی بەسەردا هاتووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت کە پلانەکەی ئەمەریکا بۆ ڕووسیا زۆر نەرم و نیانە لەگەڵ ئەوەشدا فشاری زۆری تێدایە کە ئۆکرانیا ناچار بکات لە بەشێک لە خاکەکەی دەست هەڵبگرێت و چاوپۆشی لە چەند مافێکی دیکەی وڵاتەکەی بکات، لە پێناو ڕاگرتنی شەڕنێوانیان لە گەڵ ڕووسیا کە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵە بەردەوامە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل