واشنتن فشار دەخاتە سەر ناتانیاهۆ بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە

لەگەڵ ئامادەکارییەکانی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بۆ سەردانەکەی کۆتایی ئەم مانگە بۆ ئەمەریکا، سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد، ئیدارەی ئەمەریکا فشارێکی بەرچاوی خستووەتە سەر ناتانیاهۆ تاوەکو ڕازی بێت بە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنی غەززە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی 'ئیسرائیل هائایۆم'، سەرچاوەکە ڕوونیکردووەتەوە، لە ماوەی 12 کاتژمێری ڕابردوودا، ئەمەریکییەکان لە پەیامەکانیاندا جەختیان کردووەتەوە؛ ڕێککەوتنی کۆتاییهێنان بە شەڕ، گەڕانەوەی ژمارەیەکی زۆرتر لە دیلەکانی ئیسرائیل (بە زیندوو و مردوو) مسۆگەر دەکات بەراورد بەوەی پێشبینی دەکرا، تەنانەت زیاتر لە خەمڵاندنەکانی خودی ئیسرائیلیش.

ئەمە لە کاتێکدایە هەڵسەنگاندنە سەرەتاییەکان ئاماژەیان بەوە دەکرد، حەماس لانیکەم ژمارەیەک لە تەرمەکان لای خۆی دەهێڵێتەوە.

ڕۆژی 29ی ئەیلوولی 2025 پلانی ئاگربەستی لە غەززە پەسندکرد، کە 21 خاڵی لە خۆدەگرت، لەنێویدا هاتبوو، ئەنجوومەنی ئاشتی بۆ بەڕێوەبردنی کاتی کەرتی غەززە پێکدەهێندرێت و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەکات، هەروەها تۆنی بلێر یەکێک لە ئەندامانی بەڕێوەبردنی ئەنجوومەنەکە دەبێت.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل