وەزیری دەرەوەی لوبنان: لەم بارودۆخەدا ئامادە نیم سەردانی تاران بکەم
وەزیری دەرەوەی لوبنان ڕایگەیاند، ئامادەنییە سەردانی تاران بکات و داوای لە وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتەش کرد، لە بری تاران لە وڵاتی سێیەم و وڵاتێکی بێلایەن کۆببنەوە.
یوسف ڕاجی، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە نامەیەکدا وەڵامی بانگهێشتنامەکەی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێرانی دایەوە و داوای لێبووردنی لێکرد و ڕایگەیاند، لەم بارودۆخەدا ئامادە نیم سەردانی تاران بکەم.
لە نامەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، ڕەتکردنەوەی بانگهێشتەکەی بۆ سەردانی تاران بەو مەبەستە نییە، کە گفتوگۆ ڕەت دەکەنەوە، بەڵکو بارودۆخەکە بۆ سەردانکردن بە گونجاو نازانێت.
وەزیری دەرەوەی لوبنان لە نامەکەدا بانگهێشتی عراقچی کردووە، لە بری تاران باشترە لە وڵاتی سێیەم و وڵاتێکی بێلایەن کۆببنەوە، بۆ ئەوەی سەردەمێکی نوێی پەیوەندیی لەنێوان لوبنان و ئێران دا بوونیاد بنێن، کە ڕێزگرتنی دوولایەنە و سەربەخۆیی و سەروەری تەواوی وڵات ڕەچاو بکرێت و لە ژێر هیچ ناو و پاساوێک، دەستێوەردان لەکاروباری ناوخۆی هیچ وڵاتێک نەکەن.
یوسف ڕاجی، لە نامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، باوەڕی تەواویان بەوە هەیە، ناتواندرێت وڵاتێکی بەهێز بوونیاد بندرێت، مەگەر بڕیاری شەڕ و چەک لەدەستی دەوڵەتدا نەبێت.
پێنجشەممەی ڕابردوو، وەزارەتی دەرەوەی ئێران بڵاویکردەوە، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران داوای لە وەزیری دەرەوەی لوبنان کردووە، بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوانیان بکەن.
31ی ئەم مانگە ئەو وادەیەی ئەمەریکا کۆتایی دێت، کە بۆ چەک دانان لەلایەن حزبوڵڵای لوبنان دیاریکردبوو،تاوەکو ئێستاش بەرپرسانی ئەو حزبە ئامادەنین چەکەکانیان ڕادەست بکەن، لەبەرامبەریشدا هەریەک لە ئەمەریکا و لوبنان، تاران بە ئاستەنگ لەبەردەم چەک دانان لەلایەن حزبوڵڵا تۆمەتبار دەکەن.
