بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ: تیمەکانمان لە ئامادەباشی دان
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ، هۆشداری دەداتە هاووڵاتییانی لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و ڕوودانی هەر حاڵەتێکی نەخوازراو، تیمەکانیان ئاگادار بکەنەوە
چوارشەممە 10ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، لە یەک شەممەوە تیمەکانیان لە دۆخی ئامادەباشیدان، تەنیا یەک خانوو ئاو چووەتە ژوورەوە، ئەوەش تیمەکانیان خێزانێکی چوار کەسیان لەناو ئاو ڕزگار کردووە.
ئاماژەشی داوە، داوا لە خەڵک دەکەن لە کاتی هاتنی ئاو بۆ ماڵەکانیان بچنە سەربانەکان و پەیوەندی بە تیمەکانیانەوە بکەن تا بە زووترین کات بە هانایانەوە بچن، ئەو کەسانەشی ماڵیان لە شوێنی نزمە لەپێناو سەلامەتی خۆیان چۆڵی بکەن.
دوو ڕۆژە شەپۆلێکی بەهێز و چڕی بارانبارین زۆربەی پارێزگا و ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لە هەندێک ناوچەدا بەهۆی زۆریی بڕی بارانەوە لافاو دروست بووە و زیانی گیانی و ماددیی لێ کەوتووەتەوە
ڕووداوەکان تەنیا بە زیانی ماددی کۆتاییان نەهات، بە پێی ئامارەکانی بەرگریی شارستانی و لایەنە تەندروستییەکان، لە چەند ناوچەیەکی جیاواز بەهۆی لافاوەوە، ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان لەدەست داوە و چەندین کەسی دیکەش بریندار بوون. تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە تەرمی قوربانییەکان دەربهێننەوە و بریندارەکانیش ڕەوانەی نەخۆشخانەکان بکەن.
تیمەکانی بەرگریی شارستانی و پۆلیس و شارەوانییەکان لە سەرجەم شارەکاندا کەوتوونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، لە زۆر شوێن توانیویانە ئەو هاووڵاتییانە ڕزگار بکەن کە لەناو ئۆتۆمبێلەکانیان یان ماڵەکانیاندا گیریان خواردبوو.
