چین، کەپسوولێکی ناردە بۆشایی ئاسمان بۆ هێنانی بەرد و خاکی سەر مانگ
ئەگەر سەرکەوتوو بێت، دەبێتە سێیەم وڵات
K24 - هەولێر
بۆ یەکەمجار لەدوای چوار دەیە، کەپسوولێک لەلایەن چینەوە بەرەو مانگ هەڵدرا، بۆ ئەوەی نموونە لە خاک و بەردی مانگ بهێنێتەوە بەمەبەستی لێکۆڵینەوە.
چین، بە ملیار دۆلاری لە پرۆگرامی سەربازی ئاسمانییەکەی خەرجکردووە و، هیواخوازە بنکەیەکی لە بۆشایی ئاسمان هەبێت لە ساڵی 2022، لە کۆتاییشدا مرۆڤ بەرەو مانگ بنێرێت.
ئەرکی ئەو کەپسوولە چینییەی ئەمڕۆ (سێشەممە، 24-11-2020) رەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، ئەوەیە: بەردی سەر مانگ و خاکەکەی بهێنێتەوە سەر زەوی، بۆ ئەوەی زانایان لێکۆڵینەوە لەبارەی سەرەتای دروستبوونی مانگ، پێکهاتەکەی و چالاکیی بورکانیی لە رووەکەی بکەن.
دیمەنی ساتی هەڵدانی مووشەکەکە بەرەو بۆشایی ئاسمان، لە تەلەڤیزیۆنی فەرمیی چینەوە نیشاندرا. کەپسوولەکە ناوی لێنراوە چانگس 5 پرۆب، کە ئەمەش ناوی خواوەندی مانگە لە ئەفسانەی چینیدا.
ئەو کەپسوولە بڕیاربوو لە ساڵی 2017 بنێردرێتە سەر مانگ، بەڵام بەهۆی کارنەکردنی بزووێنەرێکی، ئۆپەراسیۆنەکە دواخرابوو.
ئەگەر ئۆپەراسیۆنەکە سەرکەوتوو بێت، چین دەبێتە سێیەم وڵاتی جیهان، کە نموونەی لە مانگەوە هێنابێتە سەر زەوی لەدوای هەریەک لە: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵی 1960 و یەکێتیی سۆڤییەت لە ساڵ 1970.
کەپسوولەکە بڕی دوو کیلۆگرام لە رووپۆشی مانگ لە ناوچەیەک دەهێنێتە سەر زەوی، کە پێی دەگوترێت "زەریای زریانەکان" و، پێشتر لێکۆڵینەوەی لێ نەکراوە.
چاوەڕوان دەکرێت، کەپسوولەکە لە کۆتایی ئەم مانگەوە لەسەر مانگ بنیشێتەوە، لە ماوەی یەک رۆژی مانگیدا کە دەکاتە 14 رۆژی زەوی، دوو کیلۆگرام لە خاک و بەردی مانگ کۆبکاتەوە و دواتر بینێرێتەوە سەر زەوی.
هـ.ر.






