گۆڤاری تایم ئەندازیارانی ژیریی دەستکردی وەک کەسایەتییەکانی ساڵی 2025 دەستنیشان کرد
گۆڤاری "تایم"ی ئەمەریکی، بۆ ساڵی 2025 نازناوی "کەسایەتیی ساڵ"ی بەخشییە ئەندازیار و داڕێژرانی تەکنۆلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI).
ڕۆژی پێنجشەممە 11ی کانوونی یەکەمی 2025 گۆڤاری تایم ڕایگەیاند، هۆکاری هەڵبژاردنی "ئەندازیارانی ژیریی دەستکرد" دەگەڕێتەوە بۆ توانای ئەوان لە هێنانەکایەی سەردەمی ئامێرە زیرەکەکان و گۆڕینی ژیانی مرۆڤایەتی لە ڕێگەی تەکنۆلۆژیایەکی وەرچەرخانەوە.
سام جاکۆبس، سەرنووسەری گۆڤاری تایم لە پەیامێکدا نووسیویەتی: هیچ کەسێک بەقەد ئەو کەسانەی خەیاڵیان کردووە، دیزاینیان کردووە و ژیریی دەستکردیان دروست کردووە، کاریگەرییان لەسەر شێوەگرتنی ژیانمان نەبووە. ئاماژەی بەوەش کرد ئەوان توانیویانە لە یەک کاتدا مرۆڤایەتی تووشی سەرسووڕمان و نیگەرانیش بکەن.
ژمارە نوێیەکەی تایم دیدار لەگەڵ کەسایەتییە کاریگەرەکانی ئەم بوارە لە خۆ دەگرێت، لە وانە جێنسن هوانگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای (Nvidia) کە چیپەکانیان بووەتە بزوێنەری شۆڕشی ژیریی دەستکرد، هەروەها ماسایۆشی سۆن، وەبەرهێنەری گەورەی بواری تەکنۆلۆژیا.
ڕاپۆرتەکە تەنیا باسی لایەنە گەشەکان ناکات، بەڵکوو سەرنجی خستووەتە سەر لایەنە مەترسیدارەکانیش، وەک چیرۆکی خۆکوشتنی مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵان لە کالیفۆرنیا، کە خێزانەکەی کۆمپانیای (OpenAI) بە بەرپرس دەزانن بەهۆی کاریگەریی گفتوگۆکانی کوڕەکەیان لەگەڵ "چاتبۆت"ەکەدا.
ساڵی ڕابردوو (2024) و ساڵی 2016یش، دۆناڵد ترەمپ وەک کەسایەتیی ساڵ لەلایەن گۆڤارەکەوە دیاری کرابوو. پێشتریش کەسایەتیی وەک تەیلەر سویفت، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی و ئیلۆن مەسک ئەو نازناوەیان وەرگرتووە.
