شەیبانی: هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ سوورییەکان
وەزیری دەرەوەی سووریا، هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر لەلایەن واشنتنەوە، بە دەستکەوتێکێ مێژوویی پێناسە کرد و ڕایگەیاند: ئەم بڕیارەی ئەمەریکا سەلمێنەری پشتیوانی و گرنگیپێدانی ئەو وڵاتەیە بە سووریا.
ڕۆژی پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند: بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ هەڵوەشاندنەوەی "یاسای قەیسەر"، دەستکەوتێکی مێژووییە بۆ گەلی سووریا و جەختی کردەوە کە ئەمە سەرکەوتنی "هەق" و خۆڕاگریی سوورییەکانە.
شەیبانی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە ڕەنگدانەوەی سەرکەوتنی دیپلۆماسیی سووریایە، کە بەردەوام کاری کردووە بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و کردنەوەی دەرگەکانی ئومێد بۆ وڵاتەکە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی سووریا، سوپاسی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای کرد بۆ ئەم هەنگاوە بەرپرسانەیە، کە بە وتەی ئەو "دەرخەری تێگەیشتنێکی زیاترە بۆ گرنگیی پشتیوانیکردنی سووریا لەم قۆناغەی ئێستادا".
دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، بۆ هەڵوەشاندنەوەی یاسای قەیسەر، ئاهەنگگێڕان و خۆشی چەندین شاری سووریای گرتەوە. هەزاران هاووڵاتی ڕژانە سەر شەقامەکان و خۆشی خۆیان دەربڕی، هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا تروسکاییەکی هیوا دەبەخشێت بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی سووریا و کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی خەڵک.
وردەکاریی بڕیارەکەی ئەمەریکا
ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، لە چوارچێوەی گفتوگۆکانی پڕۆژەیاسای بودجەی بەرگری بۆ ساڵی 2026، بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی "یاسای قەیسەر"ـی لەسەر سووریا پەسەند کرد.
هەردوو ئەنجوومەنی پیران و نوێنەرانی ئەمەریکا لە دەقێکی هاوبەشی "یاسای ڕێپێدانی بەرگریی نیشتمانی"دا، بڕگەی هەڵوەشاندنەوەی سزاکانیان جێگیر کردووە، کە وەک هەنگاوێکی سەرەکی بۆ بووژاندنەوەی ئابووریی سووریا سەیر دەکرێت.
ئەم بڕگەیە کە لەناو پڕۆژەیاسای بەرگریدا (کە لە 3000 پەڕە پێکهاتووە) جێگیر کراوە، یاسای قەیسەری ساڵی 2019 هەڵدەوەشێنێتەوە. بە پێی بڕیارەکە، مەرجە کۆشکی سپی بە شێوەیەکی بەردەوام ڕاپۆرت پێشکەش بکات کە بیسەلمێنێت حکوومەتی سووریا شەڕی چەکدارانی داعش دەکات، مافی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکانی ناوخۆی وڵات دەپارێزێت و هیچ هەنگاوێکی سەربازیی تاکلایەنە و بێ پاساو دژی دراوسێکانی نانێت.
یاسای قەیسەر
'یاسای قەیسەر' یاسایەکی ئەمەریکایە کە سزای بەسەر حکوومەتی سووریا و بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری ڕژێمی پێشووی سووریادا سەپاندبوو، بەهۆی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ، هەروەها ئامانجی یاساکە سزادانی هەر کەسێک و لایەنێکە کە مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی سووریا بکات، سزاکەش زیاتر کەرتەکانی وزە و بیناسازی دەگرێتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی 2019 واژۆ کراوە و لە مانگی حوزەیرانی 2020 چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
