سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان: بە هۆی لافاوەوە 150 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان دەڵێت: حکوومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی هەیە بۆ حاڵەتی فریاگوزاری و ئەم بودجەیە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردووش حکوومەتی فیدراڵ لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا بە هیچ جۆرێک یارمەتی ناوچەکانی کوردستانی نەداوە.
پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، جەلال شێخ نووری، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، لیژنەیان پێک هێناوە بۆ خەملاندی زیانی لافاوی ناوچەکەیان.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، ئاماژەی بەوە کرد، بە پێی خەملاندنە سەرەتاییەکان، 150 ماڵ بەهۆی لافاوەوە زیانییان بەرکەوتووە.
باسی لەوەش کرد، حکوومەتی عێراق بودجەیەکی تایبەتی هەیە بۆ حاڵەتی فریاگوزاری و ئەم بودجەیە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، بەڵام لە ساڵانی ڕابردووش حکوومەتی فیدراڵ لە کاتی ڕوودانی کارەساتەکاندا بە هیچ جۆرێک یارمەتی ناوچەکانی کوردستانی نەداوە.
ڕۆژی سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانی بە خووڕ لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، بووە هۆی دروستبوونی لافاو و زیانێکی زۆری بەر ماڵی هاووڵاتییان گەیاند، هەروەها لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و چەمچەماڵ بووە هۆی لە گیان لەدەستدانی چەند کەسێک.
دوای ڕووداوەی لافاوەکە ، هەر زوو مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان و زیانلێکەوتووان.
