ڕۆچوونی زەوی لە 18 پارێزگای ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار

ڕۆچوونی زەوی لە شار و شارۆچکەکانی ئێران، بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە و بەرپرسان هۆشداری لە کارەساتێکی گەورەی مرۆیی دەدەن، ئەگەر بە زووترین کات چارەیەکی بنەڕەتی بۆ نەدۆزرێتەوە.

شەممە، 13 کانونی یەکەم، 2025، ئاژانسی هەواڵی 'ئیرنا' لە زاری عەلی بەتیوڵڵاهی، سەرۆکی بەشی ناوەندی توێژینەوەی نیشتەجێکردن و شارسازی، بڵاوی کردەوە "ڕێژەی ساڵانەی ڕۆچوونی زەوی لە 18 پارێزگای وڵات، گەیشتووەتە سەرووی 10 سەنتیمەتر، لە کاتێکدا بە گوێرەی ئامارە جیهانییەکان، تەنیا %5ی ناوچەکانی جیهاندا ڕێژەی ڕۆچوونی زەوی گەیشتووەتە ئەو ئاستە."

بەیتوڵڵاهی، گوتیشی: لە بەهرەمان و ڕەفسەنجان، لە پارێزگای کرمان، ڕێژەی ڕۆچوونی زەوی هەندێک جار گەیشتووەتە 40 سانتیمەتر لە ساڵێکدا. لە باشووری پارێزگای ئەلبورز 35 سانتیمەتر و  لە باشووری ڕۆژئاوای تاران نزیکەی 30 سانتیمەتر و لە پارێزگاکانی قوم، گوڵستان و خوراسانی ڕەزەوی نزیکەی 20 بۆ 22 سانتیمەتر لە ساڵێکدا تۆمار کراوە. لە ڕووی بەرفراوانیی ئەو ناوچانەی لە جیهاندا مەترسیی ڕۆچوونی زەوییان لە ئاستێکی مەترسیداردایە، ئێران پلەی یەکەمدایە.

سەرۆکی بەشی مەترسییەکانی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگا، نیشتەجێکردن و شارسازی، ئاماژەی بەوەش دا "لە چەند ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە توانای سەرچاوەکان، ئاوی ژێر زەویمان دەرهێناوە؛ ڕۆچوونی زەوی پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە دەرهێنان و دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوییەوە هەیە".

بەیتوڵڵاهی، دەربارەی دەرەنجامەکانی ڕۆچوونی زەوی، گوتی: ئەم دیاردەیە، هەندێک جار بە هێواشی و هەندێک جار بە خێرایی و لەناکاو ڕوو دەدات و کاریگەریی زۆری لەسەر ئەو بینایانەی لەسەر زەوی دروستکراون، لە باڵەخانە و شوێنەوارە مێژووییەکانەوە بگرە تا هێڵەکانی گواستنەوەی سووتەمەنی، وزە، ئاو، ئاوەڕۆ، هێڵی ئاسن، ڕێگاوبانەکان و فڕۆکەخانەکان دەبێت و زیانی گەورە بە ژێرخانی ئابووری و دامەزراوەکانی دەوڵەت دەگەیەنێت.

ساڵانێکە شارەزایان هۆشداریی لە دیاردەی ڕۆچوونی زەوی لە ئێران دەدەن، بەڵام بەرپرسانی حکوومەت هیچ هەنگاوێکیان بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەم دیاردەیە یان کەمکردنەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی نەناوە. ئەو دیاردەیە گەیشتووەتە هەموو پارێزگاکانی ئێران و ئێستا لە ناوەندی شارە گەورەکاندا، ڕۆچوونی زەوی بووەتە دیاردەیەکی ڕۆژانە.

چوارشەممەی ڕابردوو، 11ی کانوونی یەکەم، ڕۆچوونێک لە شەقامی 'وەلەدخانی' لە شارۆچکەی 'وەلیعەسر'ی تاران ڕووی دا  و چاڵیکی بە قووڵایی یەک مەتر و نیو و پانتایی 10 لە شەقامەکەدا دروست کرد و چوار ئۆمبیلی جۆراوجۆر کەوتوونەتە چاڵەکەوە و زیانی زۆریان پێ گەیشت؛ بەڵام هیچ زیانێکی گیانیی نەبوو. 

بەیتوڵڵاهی ، جەختی لەوە کردەوە "ئێمە پێشتر سەبارەت بە مەترسیی ئەگەری ڕۆچوونی زەوی لە سنووری شارەوانی 18ـی تاران، هۆشداریمان دابوو و ڕوونمان کردبووەوە دەرهێنانی بێبەرنامەی ئاوی ژێرزەوی بۆ دابینکردنی ئاوی خواردنەوەی خەڵکی تاران، لەوانەیە کارەساتی گەورەی لێ بکەوێتەوە."

سەرۆکی بەشی مەترسییەکانی ناوەندی توێژینەوەی ڕێگا، نیشتەجێکردن و شارسازی، لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: بابەتێکی گرنگ کە دەبێت سەرنجی بدەینێ، تێپەڕبوونی ڕێڕەوی هێڵی ئاسنی تاران- تەورێزە بەو ناوچانەدا کە ئەگەری ڕۆچوونی زەوییان تێدا زۆرە و لەم بارەیەوە چەندین جار هاوکارانمان لە کۆمپانیای هێڵی ئاسن، ئاگەدار کردووەتەوە بۆ گۆڕینی ئەو ڕێڕەوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل