کرماشان.. شه‌پۆلی به‌فر و باران سه‌رچاوه‌كانی ئاوی بووژاندووه‌ته‌وه

ئەو شەپۆلە بەفر و بارانەی لەم هەفتەیەدا ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بە تایبەت پارێزگای کرماشانی گرتەوە، بەشێکی زۆر لە کانی و ڕووبار و سەراوە وشکبووەکانی ژیاندەوە.

سەراوی ڕوانسەر، کە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی پارێزگای کرماشانە لە پاش دوو مانگ وشکبوون، جارێکی دیکە ژیاوەتەوە. لە ڕۆژی چوارشەممەوە کانیاوەکانی ژێر ئەم سەراوە تەقیونەتەوە و جیا لەوەی حەوزەکانی سەراوەکە پڕ بووەتەوە، ئاوێکی زۆریشی لەبەر دەڕوات. ئەمەش هاووڵاتییانی ئەم شارە و گەشتیارانی خۆشحاڵ کردووە. 

ئەمین سلێمانی، گەشتیار، بە کوردستان 24ـی گوت: لەگەڵ خێزانەکەمدا هاتووین بۆ تەماشای ئەم سەراوە، کە سوپاس بۆ خوا، دووبارە تەقیوەتەوە و بووەتە مایەی شادیی هەموو لایەک.

سەراوی ڕوانسەر یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی ئاوی کشتوکاڵ و ئاوی خواردنەوەی شاری ڕوانسەر و گوندەکانی دەوروبەری. کانییەکانی ئەم سەراوە لە کاتی پڕئاویدا لە هەر خولەکێکدا شەش هەزار لیتر ئاویان لێ دەردەچێت. بەم شێوەیەش سەراوی ڕوانسەر یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی پێکهێنانی ڕووباری قەرەسووە کە بە ناو شاری کرماشان و دەشتی کرماشاندا تێپەڕ دەبێت. 

محەممەد ئەحمەدی، دانیشتووی ڕوانسەر، گوتی: تا دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئەم سەراوە وشک و دڵۆپێک ئاوی تێدا نەبوو. ئەمڕۆ بارانی ڕەحمەت کانییاوەکانی ژیاندووەتەوە و سەرواکە دووبارە پڕ بووە.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکانی کەشناسیی کرماشان، لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕۆژانی دووشەممە و سێشەممەی ڕابردوو، تێکڕای باران لە پارێزگای کرماشان گەیشتە 48 میلیمەتر. زۆرترین بڕی باران لە شاری پاوەی ناوچەی هەورامان تۆمار کرا کە 121 میلی مەتر بوو. لە ڕوانسەر زیاتر لە 100 ملیمەتر باران باری و ئەگەرچی زۆر زوو تەقینەوەی کانیاوەکانی لێ کەوتەوە بەڵام هێشتا بەفر و بارانێکی زۆر زیاتر پێویستە بۆ ئەوەی ئاوی سەراوی ڕوانسەر وەک ساڵانی ڕابردووی لێ بێتەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل