کیم جۆنگ ئون پێشوازی لەو سەربازانە کرد کە لە ڕووسیا گەڕانەوە

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریا (KCNA) لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ شەممە کیم جۆنگ ئون، ڕێبەری کۆریای باکوور بەشداریی لە ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە یەکەیەکی ئەندازیاریی سەربازی کردووە، کە دوای تەواوکردنی ئەرکەکانیان لە ناوچەی کورسکی ڕووسیا گەڕاونەتەوە بۆ نیشتمان.

بەگوێرەی ئاژانسەکە، کیم جۆنگ ئون لە وتارێکدا ستایشی ئەفسەر و سەربازانی "فەوجی 528ـی ئەندازیاریی سوپای گەل"ی کردووە و هەڵسوکەوتیانی بە پاڵەوانانە وەسف کردووە. ئاماژەی بەوە داوە ئەو یەکەیە لە ماوەی 120 ڕۆژدا فەرمانەکانی پارتی کرێکارانی دەسەڵاتداریان بە ئازایەتییەکی بێوێنە جێبەجێ کردووە.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، کیم جۆنگ ئون ئاشکرای کرد؛ لە میانی ئەو ئەرکەدا نۆ سەرباز کوژراون و مردنەکەیانی بە زیان ناوبرد. دوای مردنیان، مەدالیای ئازادی و سەربەخۆیی و نازناوی "پاڵەوانی کۆماری گەلی دیموکراتی کۆریا" بەو سەربازانە بەخشراوە و ڕێزلێنانی فەرمییان بۆ کراوە.

ئەم ئامارەی کۆریای باکوور 9 کوژراو، جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ زانیارییەکانی ڕۆژئاوا؛ بەگوێرەی سەرچاوەکانی کۆریای باشوور، ئۆکرانیا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، ساڵی ڕابردوو لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرگریی هاوبەشی نێوان مۆسکۆ و پیۆنگ یانگ، نزیکەی 14 هەزار سەربازی کۆریای باکوور نێردراون بۆ شەڕکردن شانبەشانی ڕووسیا و زیاتر لە شەش هەزار سەربازیان لێ کوژراوە.

مەراسیمی پێشوازیکردنەکە لە پیۆنگ یانگ بەڕێوەچوو، تێیدا بەرپرسانی باڵای سەربازی، سەرکردەکانی پارت، کەسوکاری سەربازەکان و جەماوەرێکی زۆر ئامادە بوون.

ئەم یەکەیە لە سەرەتای مانگی ئابەوە لە ناوچەی کورسک جێگیر کرابوون و لە کاتی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیادا، ئەرکی ئەندازیاری و پاککردنەوەی مینیان لەو ناوچەیە لە ئەستۆ بووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل