یەکێتیی ئەوروپا 210 ملیار یۆرۆی ڕووسیای بلۆککرد

وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی ئەوروپا  بڕیاریاندا 210 ملیار یۆرۆی ڕووسیا بە بلۆککراوی بهێڵننەوە، جەختیان کردەوە، بەردەوام دەبن لە دابینکردنی تێجووی شەڕی ئۆکرانیا لەو پارە بلۆککراوانەی ڕووسیا ئەمەش لە کاتێکدایە مۆسکۆ دەڵێت، ئەورووپییەکان ڕووبەڕووی لێکەوتەی ترسناک دەبنەوە.

کایا کالاس، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا  ڕایگەیاند، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا  بڕیاریان داوە پارەکانی ڕووسیا بۆ ماوەیەکی نادیار بە بلۆککراوی بهێڵننەوە، گوتیشی: دەبێت ڕووسیا قەرەبووی تەواوی زیانەکانی ئۆکرانیا بکاتەوە.

کایا کالاس، جەختی کردەوە، یەکێتیی ئەوروپا  بەردەوام دەبێت لە زیادکردنی گوشارەکان بۆ سەر ڕووسیا تاوەکو پڕۆسەی دانوستانەکان بە جددی وەربگرێت.

لای خۆیەوە ئەنتۆنیۆ کۆستا سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا  دووپاتی کردەوە، سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا  بەڵێنیان داوە لە بلۆککردنی سەروەت و سامانی ڕووسیا بەردەوام بن، تا ئەوکاتەی مۆسکۆ کۆتایی بەشەڕ دەهێنێت و بەرپرسیاریەتی قەرەبووکردنەوەی زیانەکان لە ئەستۆ دەگرێت، ئاماژەی بەوەشدا، هەنگاوی داهاتوو تیشک دەخەنە سەر دەستەبەرکردنی بودجەی پێویست بۆ ئۆکرانیا لە ماوەی دوو ساڵی داهاتوودا.

ئەنجوومەنی یەکێتی ئەوروپا  دوێنێ هەینی ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا داوایان لە وڵاتانی ئەندام کردووە پارە بلۆککراوەکانی بانکی ناوەندی ڕووسیا نەگەڕێننەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارەکە بەپەلە دراوە بۆ کەمکردنەوەی زیانە ئەگەرییەکان بۆسەر ئابووری یەکێتی ئەوروپا.

ئەنجوومەنەکە ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر ئەم سەرچاوانەی بلۆک نەکرێن، ڕووسیا دەتوانێت ئەو پارانە بۆ تێچووی شەڕی ئۆکرانیا بەکاریان بهێنێت، کە دەکرێت لێکەوتەی جددی لەسەر ئابووری یەکێتیی ئەوروپا و وڵاتانی ئەندام هەبێت.

لەبەرامبەردا بانکی ناوەندی ڕووسیا ڕایگەیاندووە، لە دادگای مۆسکۆ سکاڵا لەسەر بانکی بەلجیکی یۆرۆکلیر تۆمار دەکات، چونکە بڕی 185 ملیار یۆرۆی ڕووسیا لەو بانکەیە.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل