پارتی 'پێشڤەڕۆ' گەڕایەوە نێو ڕیزەکانی ئەنەکەسە
ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا بڕیاری گەڕانەوەی 'پارتی پێشڤەڕۆی کوردی' لە سووریای بۆ نێو ڕیزەکانی پەسەند کرد.
سلێمان نوسۆ، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتی ئەنەکەسە، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پارتی پێشڤەڕۆ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی ئەنجوومەنەکە و گەڕانەوەی ئەوان هێزێکی زیاتر بە ئەنجوومەن دەبەخشێت.
سلێمان ئوسو گوتیشی، ئەو پارتە خاوەن ڕۆڵێکی سەرەکییە لە ڕۆژئاوای کوردستان و نزیکەی 6 مانگ پێش ئێستا داوای گەڕانەوەی کردبوو. دوای چارەسەرکردنی چەند تێبینییەک لەسەر بەڵگەنامە سیاسی و ڕێکخراوەییەکان، داواکارییەکەیان پەسەند کرا.
لای خۆیەوە، ئەنەس عەبدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشڤەڕۆ، گەڕانەوەیان بۆ نێو ئەنەکەسە بە هەنگاوێکی ئەرێنی وەسف کرد. ناوبراو ئاشکرای کرد، ئەم بڕیارە دوای نزیکەی 5 مانگ لە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن دێت. عەبدی هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی چالاکترکردنی ئەنجوومەن و بەدیهێنانی ئامانجەکانی گەلی کورد لە سووریا.
چاودێران پێیان وایە گەڕانەوەی پارتی پێشڤەڕۆ بۆ نێو ڕیزەکانی ئەنەکەسە هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەی سووریادا.
گەڕانەوەی پارتی پێشڤەڕۆ بۆ نێو ئەنەکەسە لە کاتێکدایە گۆڕانکاریی سیاسیی گەورە لە سووریا ڕووی داوە. دوای کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئەسەد، لایەنە کوردییەکان لە هەوڵی چڕدان بۆ یەکخستنی ڕیزەکانیان. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) وەک دوو هێزی سەرەکی، بە نێوەندگیریی ئەمەریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، چەندین کۆبوونەوەیان بۆ گەیشتن بە دیدێکی سیاسی هاوبەش ئەنجام داوە.
ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵانە، پێشکەشکردنی شاندێکی یەکگرتووی کوردییە لە هەر دانوستاندنێک لەگەڵ حکوومەتی کاتیی نوێی سووریا لە دیمەشق، بۆ مسۆگەرکردنی مافە نەتەوەییەکانی کورد لە دەستووری داهاتووی وڵاتدا. لەم چوارچێوەیەدا، یەکگرتنەوەی هێزە سیاسییەکان لەنێوخۆی ئەنەکەسەدا وەک هەنگاوێکی ئامادەکاری بۆ بەهێزکردنی پێگەی دانوستاندنی کورد سەیر دەکرێت.
