لە کەمپینەکەی دەربەندیخان 100 ملیۆن دینار بۆ چەمچەماڵ کۆکرایەوە
خەڵکی دەربەندیخان بۆ کۆمەککردنی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ، کەمپینێکی هاوکارییان ڕاگەیاندووە، کە هەر پێش دەستپێکردنی هەڵمەتەکە 100 ملیۆن دینار کۆکرایەوە.
لەوبارەوە مامۆستا عەباس ساڵح، کە سەرپەرشتیاری کەمپینەکەیە و هاوکات مامۆستای ئایینیشە بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کوردستان24، یەکەم کەناڵ بوو پەیوەندی بە ئێمەوەکرد، هیوادارم لە ڕێگەی ئێوەوە بتوانین دەنگمان بگات بە هەموو هاووڵاتیەکی خێرخواز.
گوتیشی: ئەم کەمپینە کەمپینی شاری دەربەندیخانە، کەمپینی کەسێکی دیاریکراو نییە، بەناوی شارەکەوەیە. ماشەڵڵا هەمەڕەنگ و هەمە لایەنە، بۆ ئەوانەیە کە لە لافاوەکەی چەمچەماڵ زیانیان بەرکەوتووە، ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە قەرزاری هەموو خەڵکی کوردستانین، چونکە لە ساڵی 2017 کە بوومەلەرزە لە شارەکەی ئێمەیدا، زەرەرێکی زۆر بە دەربەندیخان کەوت و قوربانیشمان دا، دەتوانم بڵێم هەموو خەڵکی کوردستان و بە پارچەکانی دیکەشەوە، هاوخەمی ئێمە بوون. بە تایبەتی خەڵکی چەمچەماڵ و ناوچەی گەرمیان.
هاووڵاتیەکی دیکەی بەشداربوو لە کەمپینەکەدا گوتی: "ئەم کەمپینەمان لە شاری دەربەندیخان بۆ لێقەوماوانی چەمچەماڵ ڕاگەیاندووە، تکا لە موسڵمانان، لە خێرخوازان، ئەوانەی لەو شارەن و ئەوانەشی لە دەرەوەی وڵاتن هاوکاربن."
لەڕؤژی یەکشەممە، بارانێکی بەخوڕ شارو شارۆچکانی هەرێمی کوردستانی گرتەوە، کە لە چەمچەماڵ بووە هۆی دروست بوونی لافاو و زیانێکی زۆری بە خەڵکی ناوچەکە گەیاند.
لەوبارەوە سێشەممە، 9ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕهمك ڕهمهزان، قیمقامی قهزای چهمچهماڵ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بە داخەوە لافاوەکە بووە هۆی هۆی گیان لە دەستدانی دوو هاووڵاتی و برینداربوونی 14ـی دیکە. گوتیشی: زیاتر لە 500 خانوو و 100 دوکان زیانیان بەرکەوتووە، چوار پردیش لە سنووری قەزاکەدا ڕووخاون و زیانمەندبوونە.
