زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی چەمچەماڵ شارەوانی و قایمقام بە کەمتەرخەم دەزانن
ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، بەهۆی بارانبارینی بەهێز و دروستبوونی لافاو، زیانێکی ماددیی زۆر بەر ژمارەیەک لە ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان کەوت. زیانلێکەوتووان گلەیی لە نەبوونی خزمەتگوزاری و کەمتەرخەمیی لایەنە پەیوەندیدارەکان هەیە.
هاووڵاتییەکی زیانلێکەوتوو بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لافاو ماڵەکەم و هەموو کەلوپەلەکانمی بردووە، بەتایبەت کەلوپەلی ئۆتۆمبێل کە بەهاکەی نزیکەی چوار ملیۆن دینار بووە. تەنیا توانیومە 15منداڵ لە خنکان ڕزگار بکەم و بە چاوی خۆم بینیم ئاو کەسێکی بردو خنکا".
ئەو هاووڵاتییە هۆکاری سەرەکیی کارەساتەکە بۆ دروستکردنی باخ لەسەر ڕێڕەوی ئاوەڕۆکان لەلایەن هەندێک ماڵەوە دەگەڕێنێتەوە و داوا دەکات حکوومەت ئەو زیادەڕۆییانە لاببات و کۆڵانەکانیان بۆ قیرتاو بکات. هەروەها داواکارە لە وەزارەتی پەروەردە لە کاتی بارانی بەهێزدا دەوامی قوتابخانەکان ڕابگرێت.
هاووڵاتییەکی دیکە کە ئۆتۆمبێلەکەی لافاو بردوویەتی، دەڵێت: "ئاوەڕۆی گەڕەکەکە بووەتە گۆم و ئاو هاتووەتە ناو ماڵەکانمانەوە، ناچار بەسەر دیواردا سەرکەوتین بۆ ئەوەی خۆمان ڕزگار بکەین. هۆکاری ئەمەش بۆ ئەو بەنداوەی سەرەوە دەگەڕێتەوە، ئەگەر قایمقام و شارەوانی تەنیا دوو کاتژمێر کاریان تێدا بکردایە، ئەم کارەساتە ڕووی نەدەدا، بەڵام تا ئێستا کەس بەدەمانەوە نەهاتووە جگە لە خێرخوازان".
هاوکات فەرمانبەرێک لە کاتی ڕووداوەکەدا لە دەوام بووە، چیرۆکی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "منداڵەکەم بە تەلەفۆن هاواری کرد کە ئاو دەیانبات، دواتر پەیوەندییەکە پچڕا. دراوسێکانم ئاگاداریان کردمەوە کە بەنداوەکە تەقیوە و هیچ ڕێگەیەک بۆ دەرچوون نییە".
ئەو هاووڵاتییە ڕەخنە لە بەرپرسان دەگرێت و دەڵێت: "پێشتر بەرپرسان سوێندیان بۆ دەخواردین کە ئێرە زەویی نیشتەجێبوونە نەک چەم، بەڵام چەواشەیان کردین. ئێستا هەموو ماڵمان بووەتە قوڕ و ئاو، کەچی نە قایمقام و نە شارەوانی سەردانیان نەکردووین".
بەگوتەی دانیشتووانی ناوچەکە، زۆربەی کەلوپەلی ناوماڵ و ئۆتۆمبێلەکانیان بەهۆی لافاوەکەوە لەناوچوون و داوای بەدەمەوەچوونی بەپەلەی حکوومەت دەکەن.
