دەیان کۆمپانیای ناوخۆیی و دەرەکی بەشدارن لە بازاڕی شەوانی سەری ساڵ لە دهۆک

چوارەمین بازاڕی شەوانی سەری ساڵە لە دهۆک، هاووڵاتییان و خێزانەکان سەردانی ئەم بازاڕە دەکەن، هەم بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، هەمیش بۆ کڕینی کەلوپەل و پێداویستییەکان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ، شەوانە دەیان هاووڵاتی و گەشتیار سەردانی دەکەن.

ڕەوەند ئاکرەیی، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەڕاستی شتێکی زۆر جوانە کە هەموو بەرهەمەکان خۆماڵین. خێزانەکان دێن و کاتێکی خۆش بەسەردەبەن. کەشوهەواکە سارد و زستانەیە بەڵام زۆر جوانە، تەنانەت لە ڕووی گەشتوگوزاریشەوە گەشەپێدانێکە کە ڕووی دهۆک بەجوانی پیشاندانی خەڵکی بدەین.

کارکەر محەممەد، هاووڵاتی دەڵێت: بۆ خەڵکی گرنگە کە سەردانی ئەم بازاڕە بکەن، گرنگییەکەشی لەوەدایە کە دەزانن ئەم بەرهەمانە لە کوێ دروست دەکرێن، لە دهۆک چەندین کارگە و کۆمپانیا و براند هەن کە لێرە بەرهەم دەهێنرێن و نمایش دەکرێن.
60 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن لەم بازاڕەدا، بەرهەمی خۆماڵیی، خواردنی کوردەواری، کاری دەستی، کەلوپەل و چەندین بابەتی دیکە لەم بازاڕەدا نمایش دەکرێن و دەفرۆشرێن. دەرفەتێکی باشی کارکردنیشی بۆ گەنجانی دەڤەرەکە ڕەخساندووە.

سەلام ئێکمالەیی، خاوەنکار، باس لەوەدەکات، ئەمە چوارەمین بازاڕی سەری ساڵە دەکرێتەوە، هەر چوار ساڵەکەش من بەشدار بووم. من بە هەنگوینی خۆماڵیی بەشدارم، کە هەنگوینی دەڤەری بەرواری باڵایە، هەروەها بەرهەمە خۆماڵییەکانی وەک گوێز، هەنجیر، باوی و مێوژی کوردیشمان هەیە.

کامیل ڕێکانی، خاوەنکار گوتی: ئەم بازاڕانە زۆر گرنگن و سوودیشیان هەیە، خەڵکیش سوودی لێ دەبینێت، ئێمە قاوەی تازەمان هێناوە بۆ ئێرە، خەڵک ئارەزووی لەسەرە، ئێمە تێست دەدەین بە خەڵک، لە سەرەتاوە تا کۆتایی لێرەین. کاڵاکان هی کارگەی خۆمانن، خەڵک سەردان دەکەن و شتەکان دەبینن.

ئەم بازاڕە لە سەرەتای ئەم مانگەوە کراوەتەوە و تا شەوی سەری ساڵ بەردەوام دەبێت، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزار و ژووری بازرگانی و پیشەسازی دهۆکەوە ڕێکخراوە.
بازاڕی شەوانی سەری ساڵ لە دهۆک، جگە لەوەی کاڵا و کەلوپەلەکان بە نرخێکی هەرزانتر لە بازاڕ دەفرۆشرێن، دەرفەتێکی باشی کارکردنی بۆ دەیان گەنجی پارێزگاکە دابین کردووە و بەرەوڕووی گەشتیارانیش کراوەتەوە.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل