پێشبینی دەکرێت سێشەممە پارتی و یەکێتی کۆ ببنەوە

مەجید حەمەدەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی
مەجید حەمەدەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی

لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەڵێت: پێشبینی دەکەین ڕۆژی سێشەممە، پارتی و یەکێتیی کۆ ببنەوە، کە ناوەرۆکی گفتۆگۆکانیش زیاتر پەیوەستە بە پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان. 

مەجید حەمەدەمین، لێپرسراوی مەڵبەندی سێی یەکێتی، ئەمڕۆ شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئیرادەیەک هەیە و دەبێت هەموو لایەنەکان کار بۆ سەرخستنی ئەم ئیرادەیە بکەن، گوتیشی: ئیرادەکە شلۆقە و ڕەنگە بە بچووکترین بوومەلەرز بڕووخێت.

هەروا ئاماژەیدا: ئەگەر یەکێتی و پارتی ڕێکبکەون، بە دڵنیاییەوە پەرلەمان کارا دەکرێتەوە، دواتر سەرۆکی هەرێم هەڵدەبژێردرێت و کەسایەتییەک بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت ڕادەسپێردرێت.

مەجید حەمەدەمین لە بارەی ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: تا ڕادەیەک لە نێوان پارتی و یەکێتی نەرمی نواندنێک هەیە.

کۆتایی هەفتەی ڕابردوو قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بڕیاربوو  09ـی ئەم مانگە، شاندی دانوستانکاری پارتی و یەکێتی کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ هەفتەی داهاتوو دواخرا و بۆ ئەوەی تاوتوێ پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکەن. 

کۆتا کۆبوونەوەی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان، لە 30ـی ئەیلوولی ئەمساڵ، بە سەرپەرشتیی سەرۆک بارزانی، لە پیرمام بەڕێوەچوو.

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل