سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە بەغدا

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە بەغدا
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە بەغدا

دوانیوەڕۆی شەممە، 13ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئه‌نتۆنيۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە بەغدا و به‌شداری له‌ رێوره‌سمی كۆتاییهاتنی ئه‌ركی 'یۆنامی' له‌ عێراق ده‌كات.

بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی گۆتێرێز و بەرپرسانی باڵای عێراق رێوڕەسمێکی تایبەت بە کۆتایهێنان بە ئەرکی یۆنامی لە بەغدا بەڕێوەبچێت.

نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق، ناسراو بە "یۆنامی" (UNAMI)، ئەرکێکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە 14ی ئابی 2003 بەپێی بڕیاری ژمارە 1500ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی یۆنامی پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی حکوومەت و گەلی عێراق بووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵات.

ئەرکەکانی یۆنامی بەدرێژایی زیاتر لە دوو دەیە چەندین بواری گرنگی لەخۆگرتبوو، لەوانە:

- ڕاوێژ و ھاوکاری سیاسی: پێشکەشکردنی ڕاوێژ و ھاوکاری بە حکومەتی عێراق لەسەر دیالۆگی سیاسی، ئاشتەوایی نیشتمانی، و چاکسازی.

- پشتیوانیکردنی ھەڵبژاردنەکان: یارمەتیدانی عێراق لە بەھێزکردنی پرۆسەکانی ھەڵبژاردن و دابینکردنی چاودێری و ھاوکاریی تەکنیکی بۆ دڵنیابوون لە دادپەروەری و شەفافیەت. یۆنامی ھاوکار بووە لە بەڕێوەچوونی شەش ھەڵبژاردنی نیشتمانیدا.

- مافەکانی مرۆڤ: پێشخستن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و ھاوکاریکردن لە چاکسازیی دادوەری و یاساییدا.

- ھەماھەنگیی مرۆیی و گەشەپێدان: ھەماھەنگیکردنی کاری ئاژانس و سندوق و بەرنامەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، کە ژمارەیان دەگاتە 23 ئاژانس.

- لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش: لە ساڵی 2017ەوە، یۆنامی کاری کردووە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و دادگاییکردنی ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە.

 

کۆتاییهاتنی ئەرکی یۆنامی لە عێراق:

لە مانگی ئایاری 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە ئەرکی یۆنامی لە عێراق کۆتایی پێبھێنرێت. حکوومەتی عێراق ھۆکاری ئەم داواکارییەی گەڕاندەوە بۆ ئەو "سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی" کە لە وڵاتدا بەدی ھاتووە و پێی وابوو چیتر پێویست بە مانەوەی ئەرکێکی سیاسی لەم شێوەیە ناکات.

لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 31ی ئایاری 2024 بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارە 2732ی پەسەند کرد، کە بەپێی ئەرکی یۆنامی بۆ ماوەی کۆتایی تا 31ی کانوونی یەکەمی 2025 درێژکرایەوە و دوای ئەو بەروارە سەرجەم کار و چالاکییەکانی ڕادەگیرێت.

 

 ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبن

کۆتاییھاتنی ئەرکی یۆنامی بە واتای کۆتاییھاتنی کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق نایەت. ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە بوارەکانی گەشەپێدان و مرۆيیدا کار دەکەن، بەردەوام دەبن لە چالاکییەکانیان.

لەگەڵ ئەوەشدا، ھەندێک لە چاودێران نیگەرانیی خۆیان دەربڕیوە کە لەوانەیە کشانەوەی یۆنامی ببێتە ھۆی کەمبوونەوەی چاودێریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە بوارەکانی مافەکانی مرۆڤ و ھەڵبژاردنەکاندا.

 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل