نەعیم قاسم: خۆڕادەستکردن بۆ ئەمەریکا و ئیسرائیل واتە لەناوچوونی لوبنان

ئەمینداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، ڕایگەیاند، ئەگەر خۆمان ڕادەستی ئەمەریکا و ئیسرائیل بکەین، وەکو سووریا کە لەبەر چاومانە لوبنانیش کۆتایی دێت و لەناو دەچێت.

ئەمڕۆ شەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، نەعیم قاسم، ئەمیداری گشتیی حزبوڵڵای لوبنان، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندووە، ڕێگریکردن لە دەستدرێژی لە ئەستۆی حکوومەت و سوپای لوبنانە، هاوکات حزبوڵڵا ڕۆڵی گەورەی هەیە لە بەرگری، پشتیوانی و هاوکاریکردن بۆ ڕزگاری و سەروەریی وڵاتەکەمان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، کێشەی لوبنان لە قۆرخکاریی چەکدا نییە، بە لەبەرچاوگرتنی شێوازی پێشنیازکراوی ئەم پرسە بە داواکارییەکی ئەمەریکا و ئیسرائیل بۆ سنووردارکردنی چەک، مانای ئەوە دەگەیەنێت کە لوبنان کۆتایی هاتووە.

دەشڵێت: ئەو قەیرانه ڕاستەقینەیەی ڕووبەڕووی حکوومەتی لوبنان بووەتەوه له سزای سەپێنراو و گەندەڵییه بەربڵاوەکاندایه، بۆیە خۆڕادەستکردن بە ئەمەریکا و ئیسرائیل، نابێته هۆی سەقامگیری، بەڵکو دەبێته هۆی داڕمانی تەواوەتیی لوبنان.

لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023، حزبوڵـڵای لوبنان هێرشی کردە سەر باکووری ئیسرائیل و دواتر ئەویش وەڵامیدایەوە، لە تشرینی دووەمی 2024، هەردوولا ئاگربەستیان ڕاگەیاند، بەڵام ئیسرائیل بەردەوام بووە لە بۆردومانکردنی باشووری لوبنان، ئەمەش نێوانی هەردوو وڵاتی ئاڵۆزتر کردووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل