ترەمپ: تۆڵەیەکی سەخت لە داعش دەکەینەوە

سەرۆکی ئەمەریکا کوژرانی دوو سەرباز و وەرگێڕێک لە سووریا لەلایەن داعشەوە پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، سەرۆکی سووریا لەم هێرشە تووڕەیە و وەڵامێکی زۆر سەختیان بۆ داعش دەبێت.

ئەمڕۆ شەممە 13ی کانوونی یەکەمی 2025 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتیی (تروس) نووسیویەتی: پرسە و سەرەخۆشی بۆ لەدەستدانی سێ نیشتمانپەروەری ئەمەریکی لە سووریا دەگێڕین، کە دووانیان سەرباز و یەکێکیان وەرگێڕێکی مەدەنی بوو." هەروەها پشتڕاستی کردەوە سێ سەربازە بریندارەکەی دیکە دۆخی تەندروستییان جێگیرە و بەرەو باشبوون دەچن.

سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە کرد ڕووداوەکە لە ناوچەیەکی زۆر مەترسیداری سووریا ڕووی داوە کە هێشتا بە تەواوی لەژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی سووریادا نییە.

ترەمپ، ئاماژەی بە هەڵوێستی سەرۆکی سووریا کردووە و نووسیویەتی: سەرۆکی سووریا، ئەحمەد شەرع، زۆر تووڕە و نیگەرانە بەم هێرشە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ترەمپ بە ئاشکرا هەڕەشەی وەڵامدانەوەی کردووە و دەڵێت: تۆڵەسەندنەوەیەکی زۆر جددی و سەخت دەبێت.

هەروەها سەرۆکی ئەمەریکا لە لێدوانێکی بۆ ڕۆژنامەنووسان لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند: ئەمە هێرشێکی داعش بوو بۆ سەر ئێمە و سووریا. و گوتی: دەیبینن ئێمە تۆڵە دەکەینەوە.

هەر ئەمڕۆ شەممە، فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمەریکا (سێنتکۆم) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، لە ئەنجامی بۆسەیەک لە سووریا لە لایەن داعشەوە سێ هاووڵاتی ئەمەریکی کوژران و سێ سەربازی دیکەش بریندار بوون.

مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات( هەسەدە) لە ڕێگەی هەژماری فەرمیی خۆیەوە لە پلاتفۆرمی ئێکس، نیگەرانی و دڵگرانیی قووڵی خۆی بۆ برینداربوونی ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەکانی ئاسایشی گشتی و سەربازانی ئەمەریکی دەربڕی کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکە ئەمنییەکانیاندا لە بیابانی سووریا کراونەتە ئامانج.

عەبدی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە داوە، زیادبوونی ئەم جۆرە هێرشانە نیشانەیەکی مەترسیدارە و پێویستی بە ئیرادەیەکی بەهێزتر هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان، پرسی سەرنجڕاکێشی پەیامەکەی فەرماندەی هەسەدە بریتی بوو لە داواکاری بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان لەسەر ئاستی نیشتمانی وەک تاکە ڕێگە بۆ لەناوبردنی شانە تیرۆریستییەکان، لە کۆتاییشدا هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل