واشنتن سەرەخۆشی لە هێزەکانی سووریا دەکات و جەخت لە هاوبەشی دەکاتەوە

پیت هێگسیس
پیت هێگسیس

لە پەرەسەندنێکی ئەمنیی مەترسیداردا لە قوڵایی خاکی سووریا، هێرشێکی چەکداری بۆ سەر گەڕانێکی هاوبەش، بووە هۆی کوژرانی سێ هاووڵاتیی ئەمەریکی و برینداربوونی ژمارەیەک سەربازی سووریا و ئەمەریکا، لە یەکەم کاردانەوەشدا باڵیۆزخانەی ئەمەریکا وێڕای سەرکۆنە توندی هێرشەکە، پەیامێکی هاوسۆزیی دەگمەنی ئاراستەی هێزە ئەمنییەکانی سووریا کرد و پابەندبوونی واشنتنی بە هاوکاریکردن لەگەڵ هاوبەشە سوورییەکان دووپات کردەوە، سەرەڕای ئەوەی دیمەشق ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەی ئەمنیی هاوپەیمانان هەیە.

وردەکاریی هێرشەکە و هەڵوێستی باڵیۆزخانە
بەگوێرەی زانیارییە پشتڕاستکراوەکان، ڕۆژی شەممە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکێکی هاوبەشی دژ بە داعش لە شاری تەدمور، تیمێکی ئەمەریکی و سووری کەوتوونەتە بۆسەی چەکدارێکی تەنیاوە، ئامارە فەرمییەکان دەریدەخەن کە لەو هێرشەدا دوو سەربازی ئەمەریکی و وەرگێڕێکی مەدەنی کوژراون و سێ سەربازی دیکەی ئەمەریکیش بریندار بوون.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە سووریا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، هێرشەکەی بە بۆسەیەکی تیرۆریستیی ترسنۆکانە وەسف کرد کە هێزێکی هاوبەشی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و حکوومەتی سووریای لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە کردووەتە ئامانج. 

باڵیۆزخانەکە وێڕای دەربڕینی خەمباری خۆی بۆ لەدەستدانی سێ لە کارمەند و سەربازەکانی، بەشێوەیەکی تایبەت هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ ئەو سەربازە سوورییانە خواستووە کە لە هەمان ڕووداو بریندار بوون.

 لە پەیامەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، واشنتن پابەندە بە بەڵێنە جێگیرەکانی بۆ تێکشکاندنی تیرۆر لە ڕێگەی هاریکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشە سوورییەکانیان.

مشتومڕ لەسەر هۆشدارییەکان و وردەکاریی مەیدانی
سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە، تەقەکردنەکە لە کاتێکدا بووە کە کۆبوونەوەیەک لە نێوان ئەفسەرانی سووریا و ئەمەریکا لەناو بارەگایەکی ئەمنی لە شاری تەدمور بەڕێوەچووە، وێڕای کوژرانی هێرشبەرەکە، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی سووریاش بریندار بوون و دواتر هێلیکۆپتەرە ئەمەریکییەکان بریندارەکانیان بۆ بنکەی سەربازیی تەنف گواستووەتەوە.

لە دیوێکی دیکەوە، وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕەخنەی لە شێوازی مامەڵەی هاوپەیمانان گرتووە، بە گوتەی دیمەشق، سەرکردایەتیی ئاسایشی ناوخۆی سووریا پێشوەختە هێزە هاوبەشەکانی ئاگادار کردووەتەوە لە بوونی مەترسی و ئەگەری دزەکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەی بیابان (بادیە)، بەڵام هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی ئەو هۆشدارییانەیان بە هەند وەرنەگرتووە.

کاردانەوەی توندی پێنتاگۆن
هاوکات لە واشنتنەوە، پیت هێگسیس، وەزیری جەنگی ئەمەریکا بە زمانێکی توند و هەڕەشە ئامێز هێرشبەرەکەی بە وەحشی ناوبرد و جەختی کردەوە، هەرکەسێک ئەمەریکییەکان بکاتە ئامانج، دەبێت چاوەڕوانی ئەوە بێت کە ئەمەریکا بەبێ بەزەیی ڕاوی دەنێت، پێنتاگۆن ڕایگەیاندووە، ناسنامەی کوژراوەکان تا 24 کاتژمێر و دوای ئاگادارکردنەوەی خێزانەکانیان بڵاو ناکاتەوە.

ئەم هێرشە و بەکارهێنانی دەستەواژەی هاوبەشە سوورییەکان لەلایەن باڵیۆزخانەی ئەمریکاوە، ڕەنگدانەوەی گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتن و دیمەشق، بەتایبەت دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو ئەحمەد شەرع، سەرۆکی ڕاگوزەری سووریا سەردانی واشنتنی کرد و دیمەشق بە فەرمی بووە ئەندام لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش.

شاری تەدمور، کە لە ساڵانی 2015 و 2016 کەوتە دەست داعش و وێرانکاریی زۆری تێدا کرا، ئێستا بووەتە خاڵی بەیەکگەیشتنی ستراتیژیی نوێی ئەمەریکا بۆ فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی لە قوڵایی بیابانی سووریا، ئەوەش وەک هەوڵێک بۆ ڕێگریکردن لە سەرھەڵدانەوەی پاشماوەکانی داعش لە دەرەوەی ناوچەکانی باکووری ڕۆژهەڵات و بنکەی تەنف.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل