زێلێنسکی: سزادانی نزیکەی 700 کەشتیی ڕووسیا چووە واری جێبەجێکردنەوە

ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا
ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا

سەرۆکی ئۆکرانیا، ڕایگەیاند، ئەو سزایانەی وڵاتەکەی بەسەر نزیکەی 700 کەشتیدا سەپاندووە، کە ڕووسیا بۆ دابینکردنی دارایی شەڕ بەکاری دەهێنێت، کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە.

ئەمڕۆ شەممە 13ـی کانوونی دووەمی 2025، ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی "ئێکس" دەڵێت: "ئێمە پشتگیری لە بیرۆکەی قەدەغەکردنی تەواوەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری دەریایی دەکەین بۆ ئەو کەشتیانەی کە بەشدارن لە هەناردەکردنی سەرچاوەی وزە بۆ ڕووسیا، لەم بارەیەوە بڕیاری سزادانی 700 کەشتی ڕووسیامان داوە و جێبەجێی دەکەین. 

ئاماژەی بەوەش کردووە، "دەبێت فشارەکان لەسەر ڕووسیا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە شەڕ بەردەوام بێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی خوازراو".

ئەم قسانەی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە دوای ئەوە دێت، ئێوارەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو، ڕایگەیاندبوو، ڕووسیا بە زیاتر لە 450 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 30 مووشەک، کەرتی وزە و ناوچەکانی باشووری ئۆکرانیای کردە ئامانج، ئەمەش مانای ئەوە دەگەێنێت کە ڕووسیا دەیەوێت سەرچاوەی وزە لە خاکی ئۆکرانیا تووشی لاوازی و شکست بکات و بارودۆخی وڵاتەکەمان بەرەو ئاڕاستەیەکی خراپتر ببات. 

لێدوانەکانی ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە کاتێکدایە کە ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپا لە هەوڵەکانیان بەردەوامن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا بە ئامانجی کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ئەو دوو وڵاتە. 

لە 21ـی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا پلانێکی 28 خاڵی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ لەنێوان هەردوو وڵات ڕاگەیاند.

لە 24ـی شوباتی ساڵی 2022 ڕووسیا هێرشی کردە سەر ئۆکرانیا، ئەمەش نیگەرانی ئەمەریکا و ڵاتانی ئەورووپای لێ کەوتەوە و بڕیاریاندا بە ڕێگەی دارایی و سەربازییەوە هاوکاریی ئۆکرانیا بکەن.

دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 3 ساڵ، تاوەکوو ئێستا جەنگ بەردەوامە و بە هەزاران کەس لە هەردوولا کوژراون و بە دەیان هەزاری دیکەش بریندار بوونە.