پارێزەرێک: لە دێر زەمانەوە نازناوی 'ئەفەندی' بۆ کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن پێگەی حکوومی بەکارهاتووە

وشەی "ئەفەندی" نازناوێکی بێ واتا نەبوو، بەڵکو هێمایەکی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری بوو، کە بەکار دەهات، بە تایبەت ئاماژە بەو کەسانە دەکرا کە خوێندەوار بوون و ڕۆڵێکی گرنگیان هەبوو لە دامەزراوە حکوومییەکانی عێراق و کوردستاندا.

عومەر فەرهادی، ڕۆژنامەنووس بە کوردستان24ـی گوت: وشەی ئەفەندی پێم وایە تورکییە، واتە "بەڕێز"، بە عەرەبی "السيد فلان". دەڵێن "خدێوی" هەبووە لە میسر کە بەڕەگەز تورک بووە، حاکمی میسر پێیان دەگوت "ئەفەندینا" واتە "سيدنا". کە بە کوردی دەتوانین بڵێین "بەڕێز"، لەوەوە هاتووە، ئیتر پەیوەندی بە جلوبەرگ نییە.

زیندووکردنەوەی "ڕۆژی ئەفەندی" تەنیا بە دانانی سدارەی بەغدادی یان سدارەی فەیسەڵی نییە، بەڵکو پەیامێکی ڕۆشنبیرییە. هەوڵدانە بۆ گرێدانی نەوەی نوێ بە مێژووەکەیانەوە، و دووپاتکردنەوەی ناسنامەیە، میراتێکە بە گیانێکی نوێوە زیندوو دەکرێتەوە.

یه‌حیا ئیبراهیم، پارێزەر دەڵێت: "ڕۆژی ئەفەندی، هێمایە بۆ مەعریفە و زانست و زانیاری. لە دێرزەمانەوە گرنگی بەم بۆنەیە دراوە، بەتایبەت کە نازناوی 'ئەفەندی' بۆ کەسانی ڕۆشنبیر و خاوەن پێگەی بەرزی حکوومی بەکارهاتووە. لە شاری هەولێر و عێراقیشدا بەگشتی، 'ئەفەندی' پاشگرێکی جوان و شایستە بووە بۆ ناساندنی کەسانی ڕۆشنبیر."

لە نێوان جلوبەرگەکان، دیمەن و گفتوگۆکاندا، چیرۆکی هەندێک لە ئەفەندییەکان وەبیر دەهێنرێنەوە، و ئەوەی کە کۆمەڵگە چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەفەندی دەکرد.

هاووڵاتییەکی بەتەمەن باس لەوەدەکات، "لە سەرەتای ساڵانی شەستەکاندا، فەرمانبەرە دێرینەکان باسیان لە وشەی 'ئەفەندی' دەکرد، یەکێک لەوانە 'ناسح ئەفەندی'ی باوکی شێروان حەیدەری بوو. ماڵی ئێمە لە قەڵا نزیک بوو و دراوسێی ئەوان بووین، کاتێک ڕۆژانە لە فەرمانگە دەگەڕایەوە، باوەڕ بکەن هەمووان؛ لە ئافرەت و منداڵ، بە پەلە دەچوونە ژوورەوە یان لە دوورەوە دەیانگوت: 'ئەوە ناسح ئەفەندی هات'. ناسح ئەفەندی هەمیشە زۆر بە کەشخەیی دەردەکەوت و هەمان ئەو سدارەیەی لەسەر دەکرد؛ بەڕاستی کە دەڕۆیشت خاوەنی هەیبەتێکی تایبەت بوو."

ڕۆژی ئەفەندی یادکردنەوەیەکە، کە ڕۆژێک لە ڕۆژان سدارەی فەیسەڵی ناونیشانی خوێندن، ڕێزگرتن و شارستانییەت بوو.

 

 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل