عێراق.. بەهۆی بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر خۆکوشتنی گەنجان زیادی کردووە

دیاردەی خۆکوشتن لەنێو هاووڵاتییانی عێراق بەشێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، لەزۆرینەی پارێزگاکان هەفتانە هەواڵی خۆکوشتنی هاووڵاتییان بڵاودەبێتەوە، پارێزگاکانی بەسرە، بەغدا، نەینەوا و دیالە لە پێشەنگی ئەو پارێزگایانەن، کە زۆرترین حاڵەتی خۆکوشتنیان تێدا تۆمارکراوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، لە چەند ساڵی ڕابردوودا حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەنێو عێراقییەکان بەڕادەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەت لەنێو ئەو کەسانەی تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 35 ساڵییە.
رێکخراوەکان هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن لەنێو عێراقییەکان دەگەڕێننەوە بۆ خراپی ژیان و گوزەران، بێکار و نەبوونی پاڵپشتی لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتییەوە.
سەنتەری ستراتیژی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، کە ڕێکخراوێکی ناحکوومییە، لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە، بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، تووندوتیژی خێزانی و بێکاری هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتنن.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە،70%ی ئەو کەسانەی خۆیان دەکوژن تەمەنیان لە سی ساڵ کەمترە و زۆرینەشیان هیچ بڕوانامەیەکی خوێندنیان نییە.
سەنتەرەکە حکوومەت بە کەمتەرخەم لەبەرامبەر زیادبوونی حاڵەتەکانی خۆکوشتن دەزانێت و جەخت دەکاتەوە، حکوومەت بەرپرسیارە لە چارەسەرکردنی هۆکارەکان، چارەسەرەکەش دەبێت بە ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەر، زیادکردنی دەرفەتی کار و دەرکردنی یاسای تووندوتیژی خێزانی بێت.
بەگوێرەی ئاماری دەزگا ئەمنییەکان لە ساڵی 2022 نزیکەی 1100حاڵەتی خۆکوشتن و ساڵی 2023 نزیکەی 1300 حاڵەتی خۆکوشتن و ساڵی ڕابردووش 1500 حاڵەت تۆمارکراون

بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراق، هەرکەسێک هانی کەسێک بۆ خۆکوشتن بدات، بۆ ماوەی 7 ساڵ زیندانی دەکرێت،هەرچەندە تووندوتیژی خێزانی بە یەکێک لە هۆکارەکانی خۆکوشتن دادەندرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان نەیتوانیوە یاسایەکی تایبەت بە تووندوتیژی خێزانی دەربکات.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل