عێراق.. پزیشکێک لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا ئاگری لە هاوسەرکەی بەردا
پۆلیسی پارێزگای نەینەوا دەستگیرکردنی پیاوێکی ڕاگەیاند؛ بەهۆی کێشەی خێزانییەوە ئاگری لە هاوسەرەکەی بەرداوە.
فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەینەوا لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بنکەی پۆلیسی "ئەبو تەمام" بە هاوکاریی و هەماهەنگی لەگەڵ ئیدارەی هەواڵگری و زانیاری و تەکنەلۆژیا، ئاگادارکرانەوە لە بوونی حاڵەتێکی دەستدرێژیکردنە سەر ئافرەتێک لەلایەن مێردەکەیەوە لە گەڕەکی "نەرکەل" لە بەری چەپی موسڵ.
پۆلیس ڕوونیکردەوە، لە ڕێگەی گرتە ڤیدیۆییەکانی کامێرای چاودێریەوە توانرا شوێنی تۆمەتبارەکە دەستنیشان بکرێت و لە ناوچەی "سەرجخانە" دەستگیر بکرێت.
بەگوێرەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، تۆمەتبار و قوربانییەکە پزیشکن. تۆمەتبارەکە بەهۆی کێشەی خێزانییەوە پەنجەرەی ئۆتۆمبێلەکەی شکاندووە کە هاوسەرەکەی تێیدا بووە، دواتر بەنزینی فڕێداوەتە سەر دەموچاوی و ئاگری تێبەرداوە، بەو هۆیەوە دەم و دەستەکانی سووتاوە.
ڕاشیگەیاند؛ دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی لە دژی تۆمەتبارەکە گیراوەتەبەر و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.
سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی ئافرەتەکە، میدیا عێراقییەکان بڵاویانکردەوە کە دۆخی ناجێگیرە و ئێستا لە نەخۆشخانەی موسڵ لەژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، قوربانییەکە تووشی سووتانی پلە دوو و سێ بووە و ڕێژەی سووتانەکەی نزیکەی 40%ـی جەستەی گرتووەتەوە.
