پێشانگەیەکی شێوەکاریی هونەرمەندانی بۆکان کرایەوە

پێشانگەیەکی دیکەی هونەری شێوەکاری بە بەشداریی کارا و چالاکانەی ئافرەتان لە بۆکان کراوەتەوە.

40 هونەرمەندی شێوەکار کە 28 کەسیان ئافرەتن 68 تابلۆی هونەرییان لەم پێشانگەیەدا نمایش کردووە. سەرجەم بەرهەمەکان بە تەکنیکی هایپێر ڕیال کێشراونەتەوە و بابەتی پێشانگەکەش تایبەت کراوە بە نواندنەوەی کولتووری کورد.

میناکەریمی فەرد، بەڕێوەبەری گرووپی هونەرمەندانی ئافرەت، بە کوردستان24ـی گوت: بابەتی پیشانگەکە، کولتووری کوردییە؛ هەموو کەسێک دەبێت کولتووری خۆی بناسێت و شانازیی پێوە بکات.

ئەو پێشانگایە بەرهەمی گرووپی هونەریی ئافرەتی بۆکانە، کە ئەگەرچی ناوی گرووپەکە ئافرەتە، بەڵام ئەندامی پیاویشی هەیە. بچووکترین هونەرمەندی بەشداری ئەم پێشانگەیە، کوڕێکی تەمەن نۆ 
ساڵانە بە ناوی سام دانا ڕاد، کە بە دوو تابلۆ لە پێشانگەکەدا بەشدار بووە.

ژمارەیەکی زۆر لە تابلۆکانی ئەم پێشانگەیە تایبەت بوون بە پۆرترێتی کەسایەتی و هونەرمەند و نووسەرانی کوردی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان وەک حەسەن زیرەک، شێرکۆ بێکەس، قالە مەڕە، هەژار موکریانی، فەتانە وەلیدی و هەروەها ژیانی گوندنشینانی کوردستانیش لەم تابلۆیانەدا ڕەنگیان داوەتەوە.

پێشانگەکە لە یەکەم ڕۆژی کرانەوەیدا لە لایەن هاووڵاتییانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کرا و جیا لە دانیشتووانی بۆکان، ژمارەیەک کەسیش لە شارەکانی دەوروبەری بۆکانەوە بۆ سەردانی ئەم پێشانگەیە هاتبوون. 
پێشانگەی گرووپی ئافرەت بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە هۆڵی فەرهەنگسەرای سیمرغی بۆکان هەموو ڕۆژێ لە کاتژمێر چواری ئێوارەوە بۆ ماوەی سێ کاتژمێر بە ڕووی هاووڵاتییاندا دەکرێتەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل