بەرگریی شارستانی سۆران: پێشبینی دەکرێت ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە ئاڤێستا بێت

بۆ ناسینەوەی، تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادی هەولێر کرا

بەڕێوەەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی ئاماژە بەوە دەکات، تەرمی کەسێک لەنێو زێی گەورە دۆزراوەتەوە و بە مەبەستی پشکنین و توێکاری دەبرێتە پزیشکی دادی سۆران.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتژمێرێک پێش ئێستا تەرمێک لە زێی گەورە دۆزراوەتەوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران لەگەڵ تیمە تەندروستییەکان خەریکن و دەیانەوێت بە شێوەیەکی زانستی هەڵیبگرنەوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا نازانین ناسنامەی تەرمەکە کێیە، بەڵام وا دیارە زۆر دەمێک بێت لەناو زێی گەورە مابێتەوە، بۆیە بۆ پزیشکی دادی سۆران دەگوازرێتەوە و لەوێ توێکاری بۆ دەکرێت.

لەبارەی ئەوەی ئاخۆ تەرمەکە هی مامۆستا ئاڤێستایە، ڕەوەند هاودیانی گوتی: تەنیا گومان دەکرێت، بەڵام تاوەکوو لە پزیشکی دادی توێکاری بۆ نەکرێت هیچ شتێک دەرناکەوێت.

ئاڤێستا یووسف

ڕۆژی شەممە، 5ـی نیسانی ئەمساڵ، خێزانێکی دانیشتووی شاری هەولێر بۆ گەشت چوو بوونە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتەی کچ و کوڕێکی خێزانەکە بۆ وێنەگرتن لە لێواری ڕووبارەکە سەرقاڵی وێنەگرتن بوون، کوڕەکە کەوتبووە نێو ڕووبار و خوشکەکەشی بە ناوی ئاڤێستا یووسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دا بوو، بەڵام براکەی ڕزگاری بوو، ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە ڕووبارەکەدا بێسەروشوێن بوو.

دوای پرۆسەیەکی درێژی گەڕانی دەیان تیمی بەرگریی شارستانی و کەسانی خۆبەخش، دواجار لە 5ـی تەممووزی 2025، لە قەراخ ڕووبارەکە نوێژی مردوو لەسەر تەرمی نادیاری ئاڤێستا کراو و کۆتایی بە پرۆسەی گەڕان هێنرا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل