عەتا محەممەد: خەمڵاندن بۆ زیانی هەزار و 258 ماڵ کراوە

سەرپەرشتیاری کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ، ڕایگەیاند: تاوەكوو ئێستا زیاتر لە 7 ھەزار و 200 تۆن لە پاشماوەی لافاوەكەی چەمچەماڵ کۆکراوەتەوە. دەشڵێت: كێشەی كارەبای 24 كاتژمێری چارە كراوە و ئاوی خواردنەوەی پێویستیش دابین كراوە.

یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، عەتا محەممەد، سەرپەرشتیاری کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، گوتی: لە 10ـی ئەم مانگەوە لیژنەی فریاگوزاریمان پێکهێنا بۆ خاوێنکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەوە پیس بوون.

سەرپەرشتیاری کۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ، ئاماژەی بەوە دا، تاوەکوو ئێستا لە تەکیە و ئاغجەلەر، حەوت هەزار و 200 تۆن خۆڵ، خاشاک، قوڕ و لیتەی پاشماوەی لافەوەکە کۆکراونەتەوە و فڕێدراون.

باسی لەوەش کرد، پرۆسەی خاوێنکردنەوەی ئەو شوێنانەی کە بەهۆی لافاوەوە پیس بوون بە سێ قۆناغ ئەنجام دا، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بە تەواوەتی کۆڵانەکان و ماڵەکانی چەمچەماڵ و ناحییەکانی تەکیە و شۆڕش، هەروەها گوندی ئاغجەلەر خاوێن دەکرێنەوە.

عەتا محەممەد، دەڵێت: ئاوی خواردنەوەشمان بۆ دانیشتووانی چەمچەماڵ و ناحییەکانی سەر بەو قەزایە دابین کردووە، کێشەی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە نەماوە.

هاوکات سوپاسی وەزیری کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و گوتی: بڕی مێگاواتی پێویستی کارەبای بۆ زیادکردووین و کارەبای چەمچەماڵ گوند و ناحیەکانی سەر قەزاکە کراونەتە 24 کاتژمێری و کێشەمان نەماوە.

دەشڵێت: ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستی پزیشکی بۆ چەمچەماڵ و دەوروبەری دابین کراون. دابینکردنی کەرستە و پێداویستییەکانی دیکە بەو شێوەیەی خوارەوەیە؛

-ئێستا دوو هەزار و 950 تۆن سەبەتەی خۆراک.

-پێنج هەزار و 500 ژەمەخۆراکی گەرم.

-45 هەزار مەتر دووجا مافوور، هەزار و 714 زۆپا و دوو هەزار و 370 پاکێج پاککەرەوە.

-12 هەزار و 800 بەتانی و لێف، هەروەها شەش هەزار و 300  ڕاخەر و دۆشەك.

-970  پارچە سێتی مەتبەخ دابین کراوە.

-62 هەزار و 100 لیتر نەوت.

-750 هەزار لیتر ئاو.

سەرپەرشتیاری كۆمیسیۆنی فریاگوزاریی چەمچەماڵ، گوتیشی: زیاتر لە ھەزار و 258 ماڵ خەمڵاندنی زەرەر و زیانەكانیان كراوە و لیژنەیەكی تایبەتیش خەریكی تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە زیانیان بەركەوتووە. 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل