مامی ئاڤێستا بۆ کوردستان24: تەرمی برازاکەم دۆزراوەتەوە
بەرگریی شارستانی سۆران، ئاماژە بەوە دەکات، لە گوندی ئەستریان لە بێخمێ تەرمەکە دۆزراوەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 14ـی کانوونی یەکەمی 2025، فەخرەدین بەرزنجی، مامی ئاڤێستا بۆ کوردستان24: تەرمی ئاڤێستا دۆزراوەتەوە و بەگوێرەی جلوبەرگەکەی تەرمەکە ئاڤێستایە.
لەلای خۆیەوە، سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی بۆ کوردستان24: تەرمێک دۆزراوەتەوە، بەڵام تا ئەوکاتەی پشکنینی دی ئێن ئەی نەکرێت ناتوانرێت بە فەرمی ئاشکرا بکرێت.
هەروەها هێرۆ مەولوودی، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر، لە بەردەوام پزیشکی دادی هەولێر، ڕایگەیاند "کاتێک کەسوکارەکەی گەیشتنە پزیشکی دادی قسەم لەگەڵ کردن و ئاماژەیان بەوە دا، ئەو تەرمەی دۆزراوەتەوە ئاڤێستا یووسفە".
ڕەوەند هاودیانی، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی سۆران، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتژمێرێک پێش ئێستا تەرمێک لە زێی گەورە دۆزراوەتەوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران لەگەڵ تیمە تەندروستییەکان خەریکن و دەیانەوێت بە شێوەیەکی زانستی هەڵیبگرنەوە و لە گوندی ئەستریان لە بێخمێ تەرمەکە دۆزراوەتەوە.
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی سۆران ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکوو ئێستا نازانین ناسنامەی تەرمەکە کێیە، بەڵام وا دیارە زۆر دەمێک بێت لەناو زێی گەورە مابێتەوە، بۆیە بۆ پزیشکی دادی سۆران دەگوازرێتەوە و لەوێ توێکاری بۆ دەکرێت.
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ تەرمەکە هی مامۆستا ئاڤێستایە، ڕەوەند هاودیانی گوتی: تەنیا گومان دەکرێت، بەڵام تاوەکوو لە پزیشکی دادی توێکاری بۆ نەکرێت هیچ شتێک دەرناکەوێت.
ئاڤێستا یووسف
ڕۆژی شەممە، 5ـی نیسانی ئەمساڵ، خێزانێکی دانیشتووی شاری هەولێر بۆ گەشت چوو بوونە سنووری شارۆچکەی مێرگەسۆر، لەو کاتەی کچ و کوڕێکی خێزانەکە بۆ وێنەگرتن لە لێواری ڕووبارەکە سەرقاڵی وێنەگرتن بوون، کوڕەکە کەوتبووە نێو ڕووبار و خوشکەکەشی بە ناوی ئاڤێستا یووسف هەوڵی ڕزگارکردنی براکەی دا بوو، بەڵام براکەی ڕزگاری بوو، ئاڤێستای تەمەن 27 ساڵ لە ڕووبارەکەدا بێسەروشوێن بوو.
دوای پرۆسەیەکی درێژی گەڕانی دەیان تیمی بەرگریی شارستانی و کەسانی خۆبەخش، دواجار لە 5ـی تەممووزی 2025، لە قەراخ ڕووبارەکە نوێژی مردوو لەسەر تەرمی نادیاری ئاڤێستا کراو و کۆتایی بە پرۆسەی گەڕان هێنرا.
