د.عەلی بەرزنجی: ئالوودەبوونی شەکر هاوشێوەی کحوول و نیکۆتین مەترسیدارە

زۆربەی کەسەکان دڵەڕاوکێ بە کێشە و گرفتەکانی کار و ژیانی ڕۆژانە دەبەستنەوە، بەڵام لە ڕووی زانستییەوە خۆراک هۆکارێکی ڕاستەوخۆ بۆ دروستبوونی دڵەڕاوکێ، بزانە بۆ؟

د. عەلی بەرزنجی، پسپۆری نەخۆشییەکانی هەناو و دڵ و شەکرە، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ی ڕاگەیاند: ئەو خواردنانەی بە گشتیی لە جەستە، هۆرمۆنی کۆرتیزۆل بەرز دەکەنەوە، دەبنە هۆی سترێس و دڵەڕاوکێ کە دیارترینیان بریتین لە:

1- خواردنەوە وزە بەخشەکان و قاوە، کە ڕێژەیەکی زۆر کافایینیان تێدایە و دەبنە هۆی دڵەڕاوکێ و دەردانی زیاتری هۆرمۆنی کۆرتیزۆل، بە تایبەتی لە کاتی خواردنیان لەسەر برسییەتی.

2- نیکۆتین و خواردنەوە کحوولییەکان.

3- وەرگرتنی چەند جۆرێک لە دەرمان، ئەگەر بە شێوازێکی ڕێک و ڕێنمایی بەکار نەهێندرێن، لە نێوانیان: سودوئیفدرین، تربیوتالین کە بۆ کۆکە و هەڵامەت بەکار دێن.

4- ئەو خواردنانەی ڕێژەیەکی بەرزی شەکر و کاربۆهایدراتیان تێدایە، وەک شیرینی و نانی سپی و هەویرەکارییەکان بە گشتی، کە دەبنە هۆی گۆڕانی کتوپڕی ڕێژەی شەکرە لە جەستەی مرۆڤ و دڵەڕاوکێ دروست دەکەن.

5- خواردنی تیژ و سوێر و خۆراکە پرۆسێسکراوەکان، کە دەوڵەمەندن بە سۆدیۆم و پەنیری کۆن کە ماددەی سیرامینی تیدایە.

هەروەها د.عەلی ئەوەی خستە ڕوو، لەشی مرۆڤ هۆرمۆنی کۆرتیزۆل بە ڕێژەیەکی کەم بە شێوازێکی سروشتی بەرهەم دەهێنێت، بەڵام شێوازی خۆراک دەتوانێت کاریگەریی هەبێت لەسەر زیادکردنی دەردانی ئەم هۆڕمۆنە و لە ئەنجامدا کاریگەریی خراپی لەسەر تەندروستی دەبێت و دەبێتە هۆی زیاد بوونی کێش و بەرزبوونەوەی شەکرە و زیان بە تەندروستی پێست و جوومگەکانیش دەگەیەنێت.

هەروەها ئاماژەشی دا، بەرزبوونەوەی کۆرتیزۆل زیاترین کاریگەریی لەسەر مێشک دەبێت و دەبێتە هۆی زیاتر بیرکردنەوە و ترس و دڵەڕاوکێ. جگە لەمانەش دەبێتە هۆی دڵتەنگی بەیانیان و زۆر جار نەخۆشەکە بە سەردانی پزیشکی دەروونی، کێشەکەی چارەسەر نابێت، کە هۆکارە سەرەکییەکەی بۆ شێوازی خواردنی کەسەکە دەگەڕێتەوە.

جگە لە مانەش د.عەلی بەرزنجی جەختی لە گرنگی پەیوەندیی نێوان کۆئەندامی هەرس و مێشک  کردەوە و گوتی: شێوازی بیرکردنەوەی مرۆڤ ڕاستەوخۆ کاریگەریی بەسەر کۆئەندامی هەرس هەیە و بە پێچەوانەشەوە، خۆراکی باش کە سوودی بۆ کۆئەندامی هەرس هەبێت و بە ئاسانی هەرس بکرێت، بە شێوازێکی ئەرێنی کاریگەری بەسەر مێشک و بیرکردنەوە دەبێت.

دکتۆر عەلی ئەوەشی خستە ڕوو کە شەکر وەکوو کحوول و نیکۆتین، دەبێتە هۆی خۆگربوونی کەسەکان، لە کاتی کەمخواردنی شەکردا، کەسانی خۆگربوو تووشی بێهێزی و دڵتەنگی و بگرە بوورانەوەش دەبن، کە پێی دەگووترێت(Sugar Crash).

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل