نووسینگەی پاسپۆرت لە چەمچەماڵ كرایەوە
یەكەم پاسپۆرتی چەمچەماڵ درا بە نەوەی شەھیدێك
K24 – چەمچەماڵ
نووسینگەی پاسپۆرت لە چەمچەماڵ كرایەوە و یەكەم پاسپۆرتیش لە سنوورەكە درا بە نەوەی شەھیدێك.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/11/2020، بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و پارێزگاری سلێمانی و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئیداری و ئەمنی ناوچەكە نووسینگەی پارسپۆرت لە چەمچەماڵ كرایەوە.
لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند: "لە حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەمانەوێت بەشێك لەو خزمەتگوزاریانەی لە وەزارەتی ناوخۆ پێشكەش بە ھاووڵاتییان دەكەین، نەك ھەر شۆڕی بكەینەوە بۆ پارێزگاكان، بەڵكو دەمانەوێت فەرمانگەكانیش لە پارێزگاكان بگوازینەوە قەزاكان".
گوتیشی: "قەزای چەمچەماڵ یەكێكە لە قەزا گرنگەكانی كوردستان كە نزیكەی 300 ھەزار كەس لەو قەزایە دەژین، 9 ناحیە و 140 گوند كەوتوونەتە سنووری ئەو قەزایە، لە ھەمووشی گرنگتر زیاتر لە 7ھەزار و 500 خانەوادەی شەھید لەو قەزایەن و زۆربەی دانیشتووانی چەمچەماڵ كەسێكیان لەدەستداوە، دڵخۆشم یەكەم پاسپۆرتی چەمچەماڵ كە ئەمڕۆ چاپكرا ھی نەوەی شەھیدێكە كە باوكی تاقانەی ئەنفالە، خۆشم یەكێكم لەوانەی باوك و برا و كەسوكارم لە پرۆسەی بەدناوی جینۆساید لە دەستداوە، خۆمان بە قەرزداری ئەو خەڵكە دەزانین كە لەپێناو ئەمڕۆ تێكۆشاون".
وەزیری ناوخۆ، ئاماژەی بەوەشدا: "ئێستا شوفێران بۆ دەرھێنانی مۆڵەتی شوفێری دەچنە سلێمانی و دوای 10 رۆژ مۆڵەتەكەیان وەردەگرنەوە، بۆیە لێرەوە رایدەگەیەنین لە ماوەی ھەفتەیەك تا 10 رۆژی دیكە وا دەكەین مۆڵەتی شوفێری لە چەمچەماڵ بدرێتەوە، ھەروەھا نابێ چیتر مۆڵەتی شوفێری 10 رۆژی پێ بچێت، بەڵكو دەبێ ھەمان رۆژ كە دەردەچێت مۆڵەتەكە بدرێتەوە".
رێبەر ئەحمەد، راشیگەیاند: "كابینەی نۆیەمی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دوو ئامانجی ھەیە، ئەویش چاكسازی و خزمەتگوزاری، چاكسازی قۆناغی باشی بڕیوە، كردنەوەی ئەو دامودەزگایانەش بەشێكە لە چاكسازی و گەیاندنی خزمەتگوزاری بە ئاسانترین شێوە".