فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاپۆرتێکی لەسەر بەنداوی باوەنوور بڵاو کردەوە

بەنداوی باوەنوور
بەنداوی باوەنوور

دووشەممە 15ی کانوونی یەکەمی 2025، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردووەتەوە کە تێیدا سەرنج دەخاتە سەر وردەکارییە هونەرییەکان، قۆناغەکانی جێبەجێکردن "بەنداوی باوەنوور" لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و ئەو کاریگەرییە ئەرێنییانەی کە ئەم پرۆژەیە لەسەر داهاتووی ئیدارەی گەرمیان و هەرێمی کوردستان دروستی دەکات، ئەم بەنداوە کە بڕیارە ببێتە سێیەم گەورەترین سەرچاوەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئاوی لە دوای هەر دوو بەنداوی دوکان و دەربەندیخان، ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوە دەگێڕێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی وشکەساڵی و دیاردەی بەبیابانبوون لە ناوچەکەدا.

پرۆژەی دروستکردنی بەنداوی باوەنوورپرۆژەی بەنداوی باوەنوور

یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژیەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەم پرۆژەیە بە تەواوبوونی، ڕووبەرێکی زۆر لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەپارێزێت لە مەترسیی بە بیابانبوون و دەبێتە هۆی بووژانەوەی دەیان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵی و زیادبوونی سامانی ماسی، لە هەموو ئەمانەش گرنگتر پرۆژە تاقانەکەی گەرمیان توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەیە بە بڕی 34 مێگاوات، ئەمەش وا دەکات لە دوای بەنداوی دووکان و دەربەندیخان، ببێتە سێیەمین بەنداو بۆ توانای بەرهەمهێنانی کارەبا، ئەم پرۆژەیە ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندایە و کارەکانی بەشێوەیەکی خێرا بەرەوپێش دەچن. پڕۆژەکە لە ماوەی کەمتر لە سێ ساڵ، تەواوی کارەکانی جێبەجێ دەکرێت و بڕیاریشە بەر لە وادەی خۆی، کارکردن لە پڕۆژەکە بەکۆتا بێت و بکەوێتە خزمەت خەڵکی هەرێمی کوردستان.

مەبەست لە دروستکردنی بەنداوی باوەنوور :

  • پاراستنی ئاسایش ئاو بە تایبەت لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان
  • بەرهەم هێنانی کارەبا بە بڕی 34 مێگا وات و بەستنەوەی بە هێڵی کارەبای نیشتمانی
  • کۆگا کردنی ئاو بە بڕی 30 ملیۆن مەتر سێجا
  • بووژاندنەوەی کەرتی کشتوکاڵ
  • ڕێگریکردن لە بە بیابانبوون
  • زیادکردنی سامانی ماسی
  • بەرزکردنەوەی ئاستی ئاوی ژێر زەوی
  • گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری لە ناوچەکە

پێکهاتەکانی پرۆژە :

١- بەنداوی خاکی (Embankment Dam)

٢- دیواری دابڕەری ئاو (Secant Pile Wall)

٣- سەڕێژەی بەنداو (Spillway)

٤- دەرچەی ژێرەوەی بەنداو (Bottom Outlet)

٥- وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبا (hydropower plant)

٦- ڕێڕەوی ماسی (Fish Pass)

بەنداوی خاکی

بەنداوی باوەنوور درێژییەکەی (880) مەترە بەڵام بڕگەی خاکی ئەم بەنداوە (580) مەترە و بەرزی (20)مەتر و پانی لووتکەکەی (9)مەتر و پانی لە بنکەی بەنداوەکە (150) مەترە، (2) بەربەستی ڕاگرتنی ئاو (Berm) لە خۆ دەگرێت، کە پانییەکەی (4)مەترە و لە (گڵ، شێڵ، فلتەر و ڕووکاری بەرد) پێک هاتووە.

دیواری دابڕی ئاو Secant Pile Wall

بەهۆی ئەوەی خاکی ناوچەکە توانای لە خۆگرتنی ئاوی نییە، پێویستە دیوارێکی دابڕەڕی ئاو دروست بکرێت بۆ ئەوەی ڕێگری بکرێت لە تێپەڕبوونی ئاو لە ژێر خاکی بەنداوەکە لە بەشی کۆگاکردنی ئاو بۆ بەشی خوارەوەی بەنداوەکە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕگەی دیواری دابڕەری ئاو (Secant Pile Wall) جێبەجێدەکرێت بە درێژەی 800مەتر هاوتەریب لەگەڵ هێڵی بەنداوەکە، ئەم بڕگەیە پێکهاتووە لە 1100 پایەڵ و قوڵی پایەڵەکان بە نزیکەی 45 مەتر دەبن، تایبەتمەندی ئەم بڕگەیە لەوەدایە هیچ هێزێکی دەرەکی هەڵناگرێت تەنها دابڕەری ئاوە جیاواز لە پایەڵەکانی دیکە کە لە پرۆژەکانی دیکە جێبەجێدەکرێن بۆ ڕێگریکردنی لە تێپەڕبوونی ئاو.

سەڕێژەی بەنداو (Spillway)

سەڕێژەی بەنداو پێکهاتەیەکی گەورەی کۆنکرێتیە کە لە کاتەی پێویست یاخود لە کاتی پڕبوونی بەنداوەکەدا دەکەوێتە کار بۆ خاڵی کردنەوەی ئاوی کۆگاکراو بەگوێرەی پێویست، ئەم پێکهاتەیە 9 دەرگا لە خۆ دەگرێت بە پانی 13.9 و بەرزی 10 مەتر، توانستی هەر دەرگایەک بۆ تێپەڕبوونی ئاو بریتییە لە 1150 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا، بە کۆی گشتی ئەم پێکهاتەیە لە توانایدایە لە چرکەیەکدا بڕی 10350 مەتر ئاو بەناویدا تێپەڕبێت.

دەرچەی ژێرەوەی بەنداو (Bottom Outlet)

دەرچەی ژێرەوەی بەنداو پێکهاتەیەکی گەورەی کۆنکریتیە پێکهاتووە لە 10 بۆڕی بە تیرەی 3م، هەر بۆریەک توانای تێپەڕاندنی ئاوی هەیە بە بڕی (76.1) مەتر سێجا لە چرکەیەکدا بە کۆی گشتی ئەم بڕگەیە توانی تێپەڕاندنی ئاوی هەیە بە بڕی 761 مەتر سێجا لە چرکەیەکدا .

وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبا (hydropower plant)

وێستگەی بەرهەم هێنانی کارەبا گرنگترین بەشی پرۆژەکەیە کە لەم بەشەوەی کارەبا بەرهەم دەهێنرێت لە ڕێگەی 4 تۆرباین کە توانستی هەر تۆرباینێک 8.5 مێگاواتە و بە کۆی گشتی 34 مێگاوات بەرهەم دەهێندرێت و ڕاستەوخۆ دەبەستڕیتەوە بە هێڵی کارەبای نیشتمانییەوە.

ڕێڕەوی ماسی (Fish Pass)

ئەم پێکهاتەیە دەکەوێتە شانی چەپی بەنداوەکە کە ڕێڕەوی تێپەڕبوونی ماسییە لە بەشی خوارەوەی بەنداوەکەوە بۆ بەشی سەرەوەی بەنداوەکە ئەم پێکهاتەیە وا دەکات ژینگەی ئاوی سامانی ماسی هیچ گۆڕانکارییەکەی بەسەر نەیەت و بە سرووشتی بمێنێتەوە.

کارە ئەنجامدراوەکانی پرۆژەکە :

گۆڕینی ڕێڕەوەی ئاو

ئەم پرۆژەیە لە دوو قوناغی کارکردن پێکهاتووە قۆناغی یەکەمی دروستکردنی شانی چەپی بەنداوەکە و تەواوی پێکهاتە کۆنکریتیەکان و قۆناغی دووەم دروستکردنی شانی ڕاستی بەنداوەکەیە بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی یەکەمی پرۆژەکە پێویستبوو ڕێڕەوی ئاوی بگۆڕدرێت ئەویش بە جێبەجێکردنی 4 بەربەست بۆ ئەوەی بەردەوام ناوچەی کارکردن دووربێت لە مەترسی لاوفاو و هاتنە ناوەوەی ئاو.

دیواری ئاسنینی دابڕەری ئاو (Sheet Pile)

جێبەجێکردنی بڕگە کۆنکریتیەکانی پرۆژەکە بە نزیکەی 13م هەڵکەندن بە ڕووبەری 45500 مەتر دووجای پێویست بوو ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە هەرەسهێنانی خاک و هاتنە ناوەوەی ئاوی ژێر زەوی بۆ ناو پێکهاتە کۆنکریتیەکان، لە کاتی جێبەجێکردندا بڕگەی شیت پایەڵ بە قووڵی 15-18 م و بە درێژای 980 مەتر جێبەجێکرا.

بڕگەی دیواری دابڕەری ئاو Secant Pill Wall

وەک ئاماژەمان پێدا ئەم بڕگەیە دێواری دابڕەری ئاوە لە ژێر خاکی بەنداوەکە لە ئێستادا ئەم بڕگەیە بە چری کاری تێدا ئەنجام دەدڕیت وە 250 پایەڵ بە قوڵی 45 بۆ 50 م تەواوکراوە و بەردەوام کاری تێدادەکڕیت بە دوو ئامێری هەڵکەندنی پایەڵ کە لەسەر ئاستی جێهان بە گەورەترین ئامێرەکانی هەڵکەندن ئەژمار دەکرێن.

دروستکردنی ڕێگاکانی پڕۆژەکە

ئەم پرۆژەیە لە 6 ڕێگا پێکهاتووە 3 ڕێگایان سەرەکین و دەچنەوە خزمەتی پرۆژەکە وە 3 ڕێگاکەی دیکە کاتین و لە ماوەی جێبەجێکردندا سوودیان لێوەردەگیرێت، سەرجەم ڕێگاکان پێویستیان بە ئاوبڕ و پرد هەبوو تەواوی کارەکانیان ئەنجام دراوە و لە ئێستادا بەشێکیان تەنیا کاری قیر کردنی ماوە و لەگەڵ تەواوبوونی پرۆژەکە دەست پێدەکرێت وە سەرجەم ئەو ڕووکارانەی کە پڕکردنەوەی بۆ ئەنجام دراوە ڕووپۆشکراون بە بەرد بۆ ئەوەی دووربن لە داخوران لە کاتی پڕبوونی بەنداوەکەدا .

زانیاری گشتییەکان :

کۆمپانیای جێبەجێکار: کۆمپانیای هیادرۆکۆنستراکتیای ڕۆمانی + کۆمپانیای زۆزک + کۆمپانیای هابیکا

ماوەی پرۆژە : 5 ساڵ

ساڵی تەواوبوونی پرۆژە : 2028

گوژمەی پرۆژە : 245 ملیار دینار

ڕێژەی کاری ئەنجامدراو : 18%

ماوەی چاکسازی پرۆژە ( سەرپەرشتیکردنی پرۆژە دوای تەواوبوون ): 2 ساڵ

جۆری بەنداو : بەنداوی خاکی و کارۆئاوی

درێژی بەنداو: 880 مەتر

کۆگا کردنی ئاو : 30 ملیۆن مەتر سێجا، دەبێتە چوارەمین بەنداو لە ڕووی کۆگاکردنی ئاو لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

بەرهەمهێنانی کارەبا : 34 مێگاوات

پانی لووتکەی بەنداو : 9 مەت

بەرزی بەنداو : 20 مەتر

بەرزی بەنداو لە ئاستی ڕووی دەریاوە : 305 مەتر

ژمارەی تۆرباین : 4 دانە

جۆری تۆرباین : Vertical Caplan

ڕووبەری بەراوکار: 20150 کیلۆمەتر دووج

ڕووبەری بەراوکردن: نزیکەی 40000 دۆنم زەوی

مەڵتی میدیای پرۆژەکە و بۆچوونی بەشێک لە هاووڵاتییان:

هاووڵاتی یەکەم:

"ئەم بەنداوە سوودی زۆرە، جگە لە سوودی بۆ سامانی ماسی، دەتوانین لە کۆگاکردنی ئاو لەم بەنداوە کارە ئاودێرییەکانمان پەرەپێبدەین، دەتوانین بە تانکەر ئاو لەم بەنداوەوە بگوازینەوە بۆ شوێنی دیکە".

هاووڵاتی دووەم:

"ئەم بەنداوە و ڕێگاکانی تەواو بێت سوودی زۆری لێوەردەگرین، 20 ساڵە لە وەرزی هاوین دەچین لە شوێنی دیکەوە ئاو دێنین بۆ گوندەکانمان".

هاووڵاتی سێیەم:

" دەتوانم بڵێم بەنداوی باوەنوور سوودی زۆر بە شارەدێی باوەنوور دەگەیەنێت، دەبێتە هۆکاری زیاتری بووژانەوەی ناوچەکە لە ڕووی گەشتیاری، سامانی ماسی و وزەی کارەبا".

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل