عێراق کارتی نیشتمانی و زانیاری یەکدەخات

کارتی نیشتمانیی عێراقی
کارتی نیشتمانیی عێراقی

حکوومەتی عێراق هەردوو کارتی نیشتمانی و زانیاری یەکدەخات و چیتر هاووڵاتییان پێویستیان بە هەڵگرتنی کارتی زانیاریی جیا نابێت.

محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، فەرمانی کردووە کارەکانی سیستمی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو تەواو بکرێن. ئەم سیستمە دەبێتە بنکەیەکی ناوەندی بۆ زانیارییە کەسییەکانی هاووڵاتییان و شوێنی کارتی زانیاریش دەگرێتەوە.

بڕیارەکە لە کۆبوونەوەیەکدا درا بە سەرپەرشتیی سوودانی، تایبەت بوو بە پرۆژەی کارتی نیشتمانی و تێکەڵکردنی لەگەڵ کارتی زانیاریی نیشتەجێبوون. 

لە کۆبوونەوەکەدا ڕاسپاردەکان بۆ پەیڕەوکردنی سیستمی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو خرانەڕوو. ئەم سیستمە زانیارییەکانی کارتی نیشتەجێبوون لەخۆدەگرێت و بەکارهێنانی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو پێویستیی بە دەرکردنی کارتی زانیاریی جیاواز ناهێڵێت.

سەرۆکوەزیران داوای کردووە پەلە لە تەواوکردنی پرۆژەکە بکرێت بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر هاووڵاتییان و کەمکردنەوەی ژمارەی ئەو بەڵگەنامانەی لە فەرمانگە حکوومییەکان پێویستن.

پرۆژەی کارتی نیشتمانیی یەکگرتوو لە عێراق بۆ یەکەمجار لە 31ـی تشرینی یەکەمی ساڵی 2013 دەستیپێکرد و یەکەمین کارتیش لە 13ـی ئەیلوولی 2015 دەرچوو. ئامانجی سەرەکیی پرۆژەکە لە سەرەتادا، جێگرتنەوەی بەڵگەنامە کۆنەکان بوو، وەک ڕەگەزنامەی عێراقی و پێناسی باری شارستانی.

تا کۆتایی ساڵی 2024، زیاتر لە 42 ملیۆن کارتی نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دەرکراوە، ئەمەش نزیکەی 93%ـی دانیشتووانی عێراق دەگرێتەوە. ئەم هەنگاوەی ئێستا بۆ یەکخستنی کارتی زانیاری لەگەڵ کارتی نیشتمانی، بەشێکە لە پەرەپێدانی سیستمی ئەلیکترۆنیی کارتەکە. 

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل