ناتانیاهۆ و تۆم باراک پرسی ئاشتییان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد

ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تۆم باراک
ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و تۆم باراک

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکە کرد.

دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئۆرشەلیم بنیامین ناتانیاهۆ لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا کۆبووەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەکە هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و هەر دوو باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ئامادەبوون.

تۆم باراک دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گفتوگۆیەکی بنیاتنەریان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەبووە و پێکەوە کار لەسەر سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکە دەکەن.

هەر ئەمڕۆ کەناڵی i24newsـی ئیسرائیلی، بەر لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندبوو،  لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لە نێوان سووریا و ئیسرائیل، تۆم باراک و کۆمەڵێک هێڵی سوور سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریادا دەخاتە ڕوو.

ئاماژەشی دابوو، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکە، نوێنەرەکەی ئەمەریکا تاوتوێی چەندان پرسی ناوچەیی دەکەن، بەتایبەتی دۆخی سووریا. سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە "ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا، ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتە.