ناتانیاهۆ و تۆم باراک پرسی ئاشتییان لە ناوچەکە تاوتوێ کرد
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سووریا کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکە کرد.
دووشەممە 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە ئۆرشەلیم بنیامین ناتانیاهۆ لەگەڵ تۆم باراک، باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ تورکیا و نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ سووریا کۆبووەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکە هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل و هەر دوو باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەمەریکا و باڵیۆزی ئەمەریکا لە ئیسرائیل ئامادەبوون.
تۆم باراک دوای کۆبوونەوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گفتوگۆیەکی بنیاتنەریان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل هەبووە و پێکەوە کار لەسەر سەقامگیریی و دەستەبەرکردنی ئاشتی لە ناوچەکە دەکەن.
هەر ئەمڕۆ کەناڵی i24newsـی ئیسرائیلی، بەر لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندبوو، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لە نێوان سووریا و ئیسرائیل، تۆم باراک و کۆمەڵێک هێڵی سوور سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی ئیسرائیل لە ناو خاکی سووریادا دەخاتە ڕوو.
ئاماژەشی دابوو، لە میانی دیدارەکەیدا لەگەڵ ناتانیاهۆ و بەرپرسانی دیکە، نوێنەرەکەی ئەمەریکا تاوتوێی چەندان پرسی ناوچەیی دەکەن، بەتایبەتی دۆخی سووریا. سەرچاوەکان ڕوونیان کردەوە "ئەمەریکا نیگەرانە لەوەی زیادبوونی ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری سووریا، ببێتە هۆی تێکدانی سەقامگیریی ئەو وڵاتە.
