گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ڕاگیران
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتیی ڕایگەیاند: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا سەرجەم گەشتەکانی فڕۆکەخانەکە ڕاگیراون و نازانرێت کەی دەستبە گەشتەکان دەکرێتەوە.
دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و هەبوونی تەمومژێکی زۆر، سەرجەم گەشتەکان ڕاگیران.
لە بارەی دەستپێکردنەوەی گەشتەکان، ئاماژەی بەوە دا، نازانین کەی دەستبە گەشتەکان دەکرێتەوە.
هەروەها ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بڵاویکردەوە، سەبارەت بەو تەمومژەی ئێستا سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتۆتەوە تاوەکوو سبەی بەیانی کاتژمێر 10 بەردەوامی دەبێت.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە، ئەمشەو کاریگەریەکەی زیاد دەبێت و بەگشتیی مەودای بینین کەم دەبێتەوە بۆ کیلۆمەترێک لە هەندێ شوێن کەمتردەبێتەوە بۆ کەمتر لە 100 مەتر.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی باسی لەوە کردووە، مەودای بینینی ئێستا لە سەنتەری پارێزگای هەولێر 100مەترە و هەروەها سەنتەری پارێزگای دهۆک حەوت کیلۆمەترە و شارەدێی شەمامک 100 مەترە.
