ترەمپ: لە کۆتاییهێنان بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا نزیکبووینەتەوە
سەرۆکی ئەمەریکا، دوای ئەنجامدانی شاندی وڵاتەکەی گفتوگۆیەکی دوورودرێژیان لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا و سەرۆکی ئۆکرانیا کرد، ڕایگەیاند، پێشکەوتنی باش بەدەست هاتووە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا و لە هەموو کات زیاتر نزیکبوونەتەوە لە چارەسەر.
دووشەممە، 15ـی کانوونی یەکەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی ئاشکرای کرد، کاتژمێرێک پێش ئێستا گفتوگۆیەکی "زۆر باش و دوورودرێژ"ی لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرکردەکانی ئەوروپا ئەنجام داوە سەبارەت بە جەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا. ترەمپ گوتی: وا دیارە کارەکان بە باشی دەڕۆن، هەرچەندە ماوەیەکی زۆرە ئەمە دەڵێین و دۆخەکە سەختە.
سەرۆکی ئەمەریکا ئاماژەی بەوە دا، پێشتر هەشت جەنگیان یەکلاکردووەتەوە و کێشەی نێوان تایلەند و کەمبۆدیاشیان چارەسەر کردووە کە کوشتاری لێکەوتبووەوە. سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیاش گوتی: پێموایە ئێستا لە هەموو کات زیاتر نزیکین لە چارەسەر. گفتوگۆی زۆرمان لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیا هەبووە و دەمانەوێت ببینین چی دەکرێت بۆ ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک.
ترەمپ ڕوونی کردەوە، ئەمەریکا چەک بە ناتۆ دەفرۆشێت و پارە خەرج ناکات، بەڵام ئامانجی سەرەکییان پاراستنی ژیانی خەڵکە. ئەو دانی بەوەدا نا کە گەیشتن بە ڕێککەوتن ئاسان نییە، چونکە هەندێک جار ڕووسیا دەیەوێت جەنگ کۆتایی پێ بێنێت و ئۆکرانیا نایەوێت، یان بەپێچەوانەوە، بۆیە ئەرکی ئەوانە هەردوولا بخەنە سەر یەک ڕێڕەو و پێیوایە لەو هەوڵەدا بەرەوپێشچوون هەیە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، نزیکەی دوو ڕۆژە شاندی ئەمەریکا بە سەرکردایەتی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەری ترەمپ، لە ئەوروپایەوە چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەو وڵاتە و بەتایبەت ڤۆلۆدێمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا کردووە
سەرۆکی ئۆکرانیا لە بارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا لە بەرلین گوتی: ئەگەر ڕاستگۆبم ئەم گفتوگۆیانە هەرگیز ئاسان نەبوون، بەڵام زۆر بەرهەمداربوون و وردەکاری زۆر باس کرا.
فرێدریک مێرتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لەو بارەوە گوتی: کۆبوونەوەکانی ئۆکرانیا و ئەمەریکا دەرفەتی باشیان بۆ سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی ڕەخساندووە.
باسی لەوەش کرد، ویتکۆف و شاندەکەی بەشداریی کۆبوونەوەی سەرکردەکانی ئەوروپا لە بارەی جەنگی ئۆکرانیا دەکەن.
